مەسرور بارزانی راپۆرتەکەی پێشکەشی پەرلەمان دەکات
کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 5-10-2020، دانیشتنی ژمارە 8ـی ئاسایی خولی پایزهی ساڵی دووهم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی خۆی، دەستی پێکرد.
لەو دانیشتنەدا، کە لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساز کراوە، سەرۆکی حکوومەت راپۆرتێکی لەبارەی بارودۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان، پێشکەش کرد.
بەشێک لە راپۆرتەکەی مەسرور بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
سەرۆكی پەرلەمان
بەڕێزان ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی بەڕێز
بەختەوەرم هاتوومەتە پەرلەمان تا چەند بابەتێكی گرنگ بخەمە ڕوو
پەرلەمانی كوردستان وەك دامەزراوەیەكی باڵای دەستووری هەمیشە جێی بایەخمان بووە
لە دوای سوێندخواردنمان و دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، پەیوەندی و هەماهەنگیی بەهێز و پتەومان لەگەڵ هەموو دەسەڵاتەكان هەبووە كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر جێبەجێكردنی باشتری كارنامەی كابینەی نۆیەم هەبووە.
ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئاماژەمان بە ڕۆڵی گرنگی پەرلەمان كردووە و لەم ڕووەشەوە لە كابینەی نۆیەمدا بە بەراورد لەگەڵ هەموو خولەكانی پێشوو، زۆرترین وەزیرمان ناردووەتە كۆبوونەوەی لێژنەكان و پەرلەمان.
ویستوومانە راستییەكان بە خەڵكی خۆمان بڵێین دوور لە هەموو موزایەدەكردنێك لە پرۆسەی چاكسازی بەردەوام بین.
لەم نزیكانە راپۆرتێكی تێروتەسەل لەبارەی پرۆسەی چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكەین.
لەبارەی چەند دۆسیەیەك دەمەوێ چەند وردەكارییەك پێشكەش بكەم:
پێش ئەوەی بچمە سەر وردەكارییەكانی دۆسیەكان، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بدەم كە لە ماوەی یەك ساڵی كابینەی نۆیەمدا هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهانیش ڕووبەڕووی دۆخێكی سەختی ئابووری بوونەتەوە، پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و دواكەوتنی خەرجكردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان كاریگەریی گەورەی درووست كردووە. ئەم دۆخە سیستەمی ئابووریی وڵاتانی دونیای ڕووبەڕووی قەیرانێكی گەورە كردۆتەوە.
...
- ئەركێكی سەختمان لە ئەستۆ گرتووە، چاوەڕوانیی زۆر لەم كابینەیە دەكرێت و هەوڵدەدەین لە ئاست چاوەڕوانییەكان بێت. بەڵام دەبێت واقیعی بین و كۆسپ و تەگەرە كەڵەكەبووەكانیشمان لەبەرچاو بێت و تێپەڕاندنیان كاتی دەوێت.
لەبارەی چاكسازی:
چاكسازی بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمە و هەر لەسەرەتاوە زۆر بە جددی كارمان لەسەر كردووە، بەڵام پرۆسەیەكی بەردەوامە و بە شەو و رۆژێك تەواو نابێت، لە چەند ئاستێكی جیاواز چاكسازیمان دەست پێكردووە كە دارایی و كارگێڕییە:
یەكەم: چاكسازی دارایی لە هەردوو بواری داهات و خەرجی: لە بواری داهات: سێكتەرەكانی باج و گومرگ و دەروازە سنوورییەكان دەگرێتەوە:
لە بواری باج: پشت بەست بە بڕگەی هەشتەم لە هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەت، تێیدا هاتووە كە چاكسازی لە وەرگرتنی باج دەكەین و هەموو ڕێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج. لەمبارەیەوە لێژنەیەكی باڵا پێكهێندرا بۆ پێداچوونەوە بە بواری باج و ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم راسپاردەكانی لێژنەكەی پەسەند كرد.
باج دانان لەسەر كۆمپانیاكانی پەیوەندی و گەیاندن: كۆمپانیاكانی گەیاندن لە هەرێمی كوردستان پابەند كراون بە پێدانی ئەو شایستە داراییانەی لە ئەستۆیانە.
- پێویستە لەسەر كۆمپانیاكانی مۆبایل كە قەرزاری باجن پێداچوونەوە بە خشتەی گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان بكەن.
- تائێستا ٤٩ كۆمپانیای بواری گەیاندن ئاگادار كردراونەتەوە بە پێدانی شایستە داراییەكان و ٧ كۆمپانیاش دراونەتە دادگا.
باسنیوز
