لە بەشێکی زانکۆ و پەیمانگەکان خوێندکاران چوونەوە ناوەندەکانى خوێندن
ئەڵوەن عوسمان، بەرپرسى خۆپاراستنى تەندروستیى زانکۆى سەڵاحەددین ئاماژەی بەوە کرد، هەموو بەش و کۆلێژەکانیان پاکژ کردووەتەوە، سابوونى شلیان داناوە و ماسک و دەستکێشیان بۆ خوێندکاران کڕیوە.
لە دهۆک دۆخەکە جیاوازترە، سەرجەم بەشەکان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەشێوەى ئۆنلاین مامۆستا لە ماڵ یان لە پۆلەکەى خۆى وانە دەڵێتەوە و خوێندکاریش لە ماڵەوە وەریدەگرێت، بەو پێیەى دۆخى کۆرۆنا لە دهۆک لەچاو پێش پێنج مانگ دژوارترە.
برین عومەر، خوێندکار لە زانکۆى دهۆک گوتی "ئامارەکانى مردن لە جیهاندا بەهۆى کۆرۆنا بەرزبوونەتەوە، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە خۆبپارێزین".
پەیوەست بە هەڵەبجە، وەک هەولێر وایە، خوێندنى ئاوێتە، بەڵام ئەو خوێندکارانەى کە ئێواران دەخوێنن، چونکە کەمن، هەموویان دەچنەوە هۆڵەکانى خوێندن.
مەهاباد کەمال، سەرۆکى زانکۆی هەڵەبجە دەڵێت "خوێندکاران ئاگادارکراونەتەوە کە بەبێ ماسک هاتنە ژوورەوە قەدەخەیە و رێنمایی تەواویان بۆ خۆپارێزى پێدراوە".
لە سلێمانى شەش هەفتەى سەرەتا بە سیستەمى ئاوێتە دەبێت، بە گرتنەبەرى بەکارهێنانى ماسک، دەستکێش و پاکژکەرەوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە خوێندکاران لە یەکەم رۆژى ساڵى نوێدا، گازندەیان لە شێوازەکە هەیە.
پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆی سلێمانى پێیوایە "لە داهاتوودا ئەو بەشانەى ئێستا بەشێوەى ئۆنلاینن دەبنەوە بە پراکتیک.. گرنگ ئەوەیە هەموو بەشەکان پێکەوە بەریەکنەکەون".
دەستپێکى دەوام، بۆ قۆناخەکانى سێ، چوار و بەرەو سەرە، یەک و دوو هێشتا روون نییە کەى دەچنە نێو هۆڵەکانى خوێندن.
k24 -
