کچێکی نۆ ساڵان: پارە بۆ نەشتەرگەرییەکەی باوکم بنێرن؛ حەزدەکەم چاک ببێتەوە

کچێکی نۆ ساڵان: پارە بۆ نەشتەرگەرییەکەی باوکم بنێرن؛ حەزدەکەم چاک ببێتەوە
سۆران تۆفیق تەمەنی 38 ساڵە و 14 ساڵ پێشمەرگە بووە، 10 ساڵیش لە کۆمپانیایەکی خۆراک کاری کردووە، ماوەی پێنج ساڵە ئازاری گورچیلەکانی دەستی پێکردووە، ئێستا گورچیلەیەکی لەکارکەوتووە و ئەوی دیکە 7% کار دەکات، بۆیە توانای هیچ جووڵەیەکی نەماوە.

سۆران لەسەر جێگە قسەی کرد، گوتی، "حەوت مانگە من کەوتوومەتە سەر جێگە، داوای گورچیلە گۆڕین دەکەن، بۆ ئەوەش داوای 40 ملیۆن دەکەن، "ماڵیش هیچم نییە، ئەوەی هەمبوو فرۆشتم و لە خۆمم دا".

بۆ وەرگرتنی چارەسەر، خێزانەکەی سۆران ناچاربوون خانووەکەیان بفرۆشن، ئێستا کرێچین و "هیچ داهاتێکیان نییە"، نەشتەرگەریی گورچیلەش پێویستی بە نزیکەی 20 ملیۆن دینارە. ئەوەیشی دەمێنێتەوە بۆ کڕینی گورچیلە پێویستیەتی.

تریفە شاکر، هاوژینی سۆرانە و دەڵێت، ئێستا دەبووایە دوو رۆژە نەشتەرگەری بۆ بکرایە، ئەگەر گورچیلەی بۆ نەشۆرین، هەردوو گورچیلەی رادەوەستێت، بەس بەهۆی شۆردنەکەوە ماوەتەوە، "دکتۆریش هەر پەلەمان لێدەکات، دەڵێت، 'زوو بن'، گورچیلەی بۆ پەیدا بکەن با نەشتەرگەریی دەستپێبکەین تاوەکو گورچیلەکەی دیکەی رانەوەستاوە".

فیردەوس کچی سۆرانە، داوا لە خەڵک دەکات یارمەتییان بدەن، لەڕێگەی رووداوەوە گوتی "پارە بۆ باوکم بنێرن با بەشی نەشتەرگەرییەکەی بکات، حەزەکەم باوکم چاکببێتەوە".

نەخۆشییەکەی سۆران نەخۆشییەکی بۆ ماوەییە بەناوی "فرەکیسیی گورچیلە"، تووشبوانی ئەو نەخۆشییە بەپێی کات گورچیلەکانیان گەورە و سست دەبن.

دکتۆر دڵشاد لەبارەی نەخۆشییەکە دەڵێت، نەخۆشیی پەککەوتنی درێژخایەنی گورچیلە مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەو جۆرەیان کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی کیسەکە، چونکە هەر کات ئەو کیسە تووشی هەوکردن بێت یان تووشی خوێنبەربوون بێت لەناو گورچیلەکە، لەوانەیە تووشی ژەهراوی بوونی خوێن بێت، "بۆیە باشترە بە زووترین کات نەشتەرگەری بۆ بکرێت".

سۆران خاوەنی سێ کچە، فیردەوسی تەمەن نۆ ساڵان، فریشتەی تەمەن پێنج ساڵ و نوورای دوو ساڵان کە وەک خۆی دەڵێت، "سێ پەپوولەی ماڵەکەم بوونەتە دڵخۆشیی ئەم رۆژە قورسانەم".
rudaw -
Top