مەسعود حەیدەر: چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمانی كوردستان هەنگاوێكی بەرپرسیارانەیە

مەسعود حەیدەر: چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمانی كوردستان هەنگاوێكی بەرپرسیارانەیە
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، چوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی كوردستان، ”هەنگاوێكی بەرپرسیارانە و ئازایانەیە“ لە دۆخێكی نائاساییدا كە كوردستان پێیدا گوزەر دەكات.

بڕیارە سبەی دووشەممە ٥ی ١٠ی ٢٠٢٠، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.

لەمبارەیەوە مەسعود حەیدەر بە (باسنیوز)ی راگەیاند، چوونی مەسرور بارزانی بۆ پەرلەمان، ”ھەنگاوێکی بەرپرسیارانە و ئازایانەیە لە دۆخێکی نائاسایی کە لە کوردستاندا دەگوزەرێت.

لە ھەمان کاتدا دووپاتکردنەوەی روئیای سەرۆکی حکوومەت و کابینە وەزارییەكەیەتی بۆ بەرجەستەکردنی شەفافیەت لە ئەدەی حکوومەت“.

جەختیشی كردەوە كە چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمانی كوردستان، ”پەیامی پێکەوە کارکردنە بەرەو باشتر و ھەماھەنگیی زیاتر لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان“.

مەسعود حەیدەر پێیوایە كە ئەم سەردانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ”پەیامێکی گرنگە بۆ حزبەکانی بەشداربوو لە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنیش بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغە کە ھەرێمی کوردستانی پێیدا گوزەر دەکات، جگە لە دانانی چوارچێوەیەک بۆ بابەتە نیشتمانییەکان و دوورکەوتنەوە لە پەیامی پۆپۆلیستی و زەروورەتی چارەسەرکردنی کێشەکان پێکەوە و بە یەکھەڵوێستی“.

بە گوێرەی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڵاوی كردۆتەوە، لە كۆبوونەوەكەی سبەی دووشەممە ئەم تەوەرانە تاوتوێ دەكرێت:

ـ هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی پرۆسەی چاكسازی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له ‌مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نیشنی له ‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (2)ی ساڵی 2020.

ـ بارودۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان و دابه‌شكردنی مووچه‌.

ـ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ.

ـ بارودۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.

ـ لێكه‌وته‌كان و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا.











باسنيوز




Top