کەشناسی: سبەینێیش باران دەبارێتەوە
ئەژی چەتۆ، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بارانەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە ئەنجامی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕواست بوو کە هاتە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی دەڵێت، پێشبینییش دەکرێت سبەی شەممە 2020/10/03ـیش هاوشێوەی هەینی ئەو بارانە پاییزییە ببارێتەوە.
ئەژی چەتۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵکردنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و بارانبارین لە سەرەتای پاییزدا نیشانەیەکی باشە بۆ دابەزینی پلەی گەرما و بارانبارینی زیاتر.
هاوکات بەڕێوبەرایەتی کەشناسیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ئەمڕۆ هەینی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراقی گرتووەتەوە، ئەمشەو و تاوەکو رۆژی شەممە و یەکشەممەش بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا خێرایی با زیاد دەکات."
rudaw -
