دەروێشێ سەعدۆ کۆچی دوایی کرد
دەروێش سەعدۆ، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) لە باکووری کوردستان، لە 12ی مانگی رابردووەوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری ئیلەهـ لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو.
دەروێشێ سەعدۆ دوای هەشت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، تەندروستی بەرەو جێگیربوون رۆیشت و پزیشک رێگەی پێدا بچێتەوە بۆ ماڵ، بەڵام دوای سێ رۆژ مانەوەی لە ماڵەوە جارێکی دیکە تەندروستی تێکچووەوە و رەوانەی نەخۆشخانە کرایەوە، دوای شەش رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
ئازاد ئاکگول، کوڕی دەروێشێ سەعدۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەرمی باوکی لە ئیلەهەوە دەبەنەوە بۆ گوندەکەیان "بێکەندا" و لەتەنیشت سەعدۆ چەکن-ی باپیرییەوە بەخاکی دەسپێرن. گوتیشی: "کورد و کورستان سەلامەتبن".
دەروێشێ سەعدۆ کێیە؟
ساڵی 1934 لە ناوچەی مسرجە (گوردیلان)ی سەر بە شاری سێرت-ی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی گەنجێتیدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراندووە.
لە ساڵی 1975ەوە لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە. لە ژیانیدا پاڵپشتییەکەی زۆری ئەو حیزبەی کردووە و زۆرجار ماڵی خۆی کردووەتە بنکە بۆی.
لە ساڵی 2010دا لە کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە و بووە یەکەم کەس لە باکووری کوردستان ئەو خەڵاتەی پێبدرێ.
دەروێش سەعدۆ باوکی 4 کچ و 3 کوڕبوو، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
rudaw -
