تورکیا لە کاژێرێکدا چوار جار چیای گارە بۆردوومان دەکات
ئەلەند ئەمیر گوگە، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ گوتی، ئەو ناوچەیە نزیکە لە سەنتەری ناحیەکەوە، بەڵام پێناچێت خەڵکی سڤیل ھاتووچۆی ئەوێ بکەن، چونکە ناوچەیەکی نائارامە.
مێڤان بەرواری، ھاونیشتمانی لەو ناوچەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەنێوان کاژێر 17:30 خولەک تاوەکو کاژێر 18:00 فڕۆکەکان سێ جار گەلی مەرانێیان بۆردوومان کردووە.
هاونیشتمانییەکی دیکە بە رووداوی راگەیاند، گوندی مەرانێ خەڵکی تێدا نەماوە و پەکەکە وەکو بنکەی خۆی بەکاریدەهێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەم، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە عێراق تاوەکو "دوا مۆڵگەی پەکەکە" لەنێودەبن. هەروەها رایگەیاند، پەکەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بوونەتە سەرئێشە و ناڕەحەتی.
سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی بەبۆنەی دەستپێکی 27ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا باسی ناسەقامگیرییەکانی عێراقی کرد لەدوای شەڕی کەنداو و گوتی، ئەو ناسەقامگیرییە لە هەموو کەس زیاتر کاریگەریی لەسەر "ئێمە" هەبووە.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەردۆغان باسی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەیی لەنێو هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئۆپەراسیۆنەکانمان لە عێراق تاوەکو لەنێوبردنی دوا مۆڵگەی پەکەکە بەردەوام دەبێت، رۆژانە لەناو خاکی عێراق دەستدەگرین بەسەر مۆڵگەکانی پەکەکە و بەردەوام دەبین".
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بۆناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆ لێدان لە بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستپێکردووە. تاوەکو ئێستا بە قوڵایی 30 بۆ 45 کیلۆمەتر لە سنووری قەزای زاخۆ هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان. بەهۆی بۆردوومانەکانیشەوە، تاوەکو ئێستا شەش کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، سێ ئۆتۆمبێلی سڤیل کراونەتە ئامانج و جگە لەوە، زیانی ماددی بەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کەوتووە.
لە چەند رۆژی رابردووش تورکیا چەند ناوچەیەکی جیاوازی سنووری شارۆچکەکانی باتیفا و دەرکاری بۆردوومان کردووە و لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە هێزی لە چوار شوێنی زاخۆ جێگیرکردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە کردووە، شەڕەکانی بباتە دەرەوەی خاکی هەرێمی کوردستان.
k24 -
