سێیەم زانکۆی هەرێمی کوردستان خوێندنی نێو کامپەسی راگەیاند

سێیەم زانکۆی هەرێمی کوردستان خوێندنی نێو کامپەسی راگەیاند
ئەنجوومەنی زانکۆی هەڵەبجە چەند بڕیارێکی لەبارەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەرکرد، دەڵێت، لە دوای 25-10-2020 خوێندن لەنێو کامپەس دەستپێدەکاتەوە.

بڕیارەکە بەشێوەیەکە، خوێندن لە 4-10-2020 دەستپێدەکاتەوە، بەڵام بەشێوەی ئاوێتە دەبێت تاوەکو 25-10. لەو ماوەیەدا، "وانە تیۆرییەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و وانە پراکتیکییەکان لەنێو کامپەس دەبێت بە رەچاوکردنی رێکارە تەندروستییەکان".

لە 4-10ـەوە بەشە ناوخۆیی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی سنووری پارێزگاکە دابەشدەکرێت، ئەوەش بەپێی خشتەیەک دەبێت کە خۆیان رایدەگەیێنن. "بەشە ناوخۆییش تەنیا بەو خوێندکارانە دەدرێت کە 40 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە دوورن".

پێچەوانەی خوێندنی بەیانیان، خوێندنی ئێواران لە زانکۆکە لە 4-10-2020 دەستپێدەکات. "دەبێت مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکاران پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن".

لە رۆژانی پێشتر، هەردوو زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر و زانکۆی کۆیە بڕیاریاندا خوێندنی ئەمساڵ لەنێو هۆڵەکانی خوێندن دەستپێبکاتەوە. سەرۆکی زانکۆکی دهۆک ئەوکات بە رووداوی گوت، "رەزامەندیی وەزیری خوێندنی باڵامان وەرگرتووە و هەفتەی داهاتوو دەست بە پرۆسەی خوێندن دەکەین".

سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، ئەنجوومەنی زانکۆکەیان بڕیاریداوە خوێندنی ساڵی 2020-2021 لە رێککەوتی 04-10-2020، کە دەکاتە رۆژی (یەکشەممە) لەنێو هۆڵەکانی خوێندن دەستپێبکاتەوە.
rudaw -
Top