سێ كه‌س به‌ تۆمه‌تى بازرگانيكردن به‌ ده‌رمانى قاچاغ دەستگیر کران

سێ كه‌س به‌ تۆمه‌تى بازرگانيكردن به‌ ده‌رمانى قاچاغ دەستگیر کران
له‌ درێژه‌ى هه‌وڵه‌كانیان بۆ بنبڕكردنى ديارده‌ى بازرگانيكردن به‌ ده‌رمانى قاچاغ و هه‌ر كارێكى ناياسايى و قاچاغ، سێ كه‌س له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ئاسايشى هه‌ولێر به‌ تۆمه‌تى بازرگانيكردن به‌ ده‌رمانى قاچاغ ده‌ستگير كران، یەكێكیان كارمەندی ئاسایشی یەكێتییە.


دژە تیرۆری كوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) زانیاری لەبارەی ئەو سێ كەسە و قاچاخەكەیان بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە رۆژى 25-9-2020، كه‌سێك ده‌ستگير كرا به ‌ناوى (دلێر عومه‌ر محه‌مه‌د شه‌ريف) - دانيشتووى شارى كه‌ركووك - گه‌ڕه‌كى ئيسكان - پيشه‌/ كارمه‌ندى ئاسايشى يه‌كێتی، كه‌ هه‌وڵى ده‌دا له ‌ڕێگه‌ى بازگه‌ى شێراوه‌ بڕێكى زۆر پێداويستى پزيشكي كه‌ بريتى بوو له‌ (239) پارچه‌ حه‌ب و ده‌رمان و (300) دانه‌ سرنج و (25) سۆنده‌ى كانيووله‌ به‌ ئۆتۆمبێلى جۆرى كۆڕۆڵا، ژماره‌ (249836/ سلێمانى)، داخيلى شارى هه‌ولێر بكات.

هەروەها بڵاوی كردووەەتەوە كە رۆژى 29-9-2020، كه‌سێك ده‌ستگير كرا به ‌ناوى (محه‌مه‌د فه‌لاح حه‌سه‌ن) - دانيشتووى شارى كه‌لار- گه‌ڕه‌كى گۆران - پيشه‌/ شوفێرى ترێله‌، كه‌ هه‌وڵى ده‌دا له ‌ڕێگه‌ى بازگه‌ى شێراوه‌ بڕى (52) كارتۆن ده‌رمان له‌ جۆرى (جاگوار) كه‌ بۆ جوانكارى ئافره‌تان به‌كار دێ به‌ ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگر جۆرى مان، ژماره‌ (67528/ سلێمانى)، داخيلى شارى هه‌ولێر بكات.


لە لایەكی ترەوە رۆژى 29-9-2020، كه‌سێك ده‌ستگير كرا به‌ناوى (عه‌لا عه‌دنان عه‌بدولكه‌ريم) به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب - دانيشتووى شارى هه‌ولێر- گه‌ڕه‌كى به‌ختيارى - پيشه‌/ شوفێر له‌ كۆمپانياى (واى شيپ) له‌ گوندى گه‌زنه‌، كه‌ هه‌وڵى ده‌دا له‌ ڕێگه‌ى بازگه‌ى شێراوه‌ بڕى (126) كارتۆن ده‌رمان له‌ جۆرى (كلافۆكس - 1 گم) به‌ ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگر جۆرى مارسيدس ئه‌كترۆس، ژماره‌ (152521/ سلێمانى) كه‌ شوێنى تايبه‌تى بۆ دروست كراوه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ى بابه‌تى قاچاغ، داخيلى شارى هه‌ولێر بكات.


دژه‌ تيرۆرى كوردستان دووپاتى كردووەتەوە كە به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تييه‌كانى ئاسايش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ چاودێريكردن و به‌شوێنداچوونى ديارده‌ى هێنانى ده‌رمان و خۆراكى قاچاغ و ماوه‌به‌سه‌رچوو‌ و هه‌ر كارێكى ناياسايى كه‌ زيان به‌ ته‌ندروستى هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان و ئابوورى و ئاراميى هه‌رێم بگه‌يه‌نێ و هه‌موو رێوشوێنێكى ياسايى ده‌گرنه‌به‌ر بۆ بنبڕكردنى ئه‌م ديارده‌يه‌.












باسنيوز


Top