لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسان: هێزە سەپێندراوەكانی كەركووك لە رۆژنامەنووسان دەدەن و دەستگیریشیان دەكەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/10/2020، مەهدی زریان، بەرپرسی لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ڕایگەیاند، رووداوەكان لە كەركووك زۆرن، بەتایبەت رووداوی ئەمنی و پرۆسەی تەعریبكردنەوی كەركووك، رۆژنامەوانانی كوردیش دەیانەوێت ڕووماڵی بكەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكانەوە پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكرێت، ئەمساڵ زۆرترین سكاڵای رۆژنامەنووسانمان پێگەیشتووە، كە زیاتر لە 50 سكاڵایە لەسەر ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەریان كراوە، كە خۆی لە هێرشكردنە سەریان و لێدان و ئەشكەنجەدانیان و كامێرا شكاندن و رێگری لە روماڵكردندا دەبینێتەوە، بەتایبەت لە رووماڵی تەعریبی ناوچەكە، چونكە بابەتەكە پەیوەندیی بەداگیركراوی و دۆزی كوردەوە هەبووە".
گوتیشی، لەماوەی رابردوو گەورەترین پێشیلكارییەكان ئەوەبوون، كە بەرپرسان لە كەركووك لێدوانیان بۆ رۆژنامەنووسان نەدەدا و لێدوانیان لێ قەدەغە كرابوو، ئێستا دۆخەكە لەوەش دەرچووە، لەلایەن هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكانەوە لە رۆژنامەنووسان دەدرێت و دەستگیریان دەكەن و كامێریان لێ دەسەنن و دوایان دەكەون.
باسنیوز
