نەخۆشخانەی ڕزگاری پاش چوار مانگ بەڕووی نەخۆشاندا دەكرێتەوە

نەخۆشخانەی ڕزگاری پاش چوار مانگ بەڕووی نەخۆشاندا دەكرێتەوە
پاش چوار مانگ لە تەرخانكردنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی هەولێر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو سەرجەم بەشەكانی وەک جاران بەڕووی نەخۆشانی دیکەشدا بكرێتەوە.

لە راگەیاندراوێكدا کە نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێركاری لە شاری هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: "دوای كەمبوونەوەی ژمارەی نەخۆش و تووشبووانی كۆرۆنای نوێ لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێركاری، بڕیار درا رۆژی شەممە ڕێکەوتی 3/10/2020 سەرجەم ڕاوێژكارییەكانی نەخۆشخانەی رزگاری بەڕووی چارەخوازانی شاری هەولێردا بكرێنەوە".

لەمبارەوە د. لاوەند میران، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری ڕایگەیاند: "دوای كۆبونەوەی ئەنجوومەنی كارگێڕیی نەخۆشخانەی ڕزگاری و پاش كەمبوونەوەی تووشبووانی كۆرۆنا، بڕیارمان دا هەموو بەشە ڕاوێژكارییەكان بەڕووی نەخۆشەکاندا بكرێنەوە".

د. لاوەند ڕوونیشی كردەوە: "وەكوو پێشووتر نەخۆش وەردەگرین، بەڵام بەپێی جێبەجێكردنی چەند ڕێنماییەك و نەخۆش دەبێ یەك هاوەڵی لەگەڵدا بێت و رێگە نادرێت كەسی تر بێتە ژوورەوە و دەبێ دەمامك و دەستكێش بەكار بهێنن، قەرەباڵغی دروست نەكرێت، ئەگەر بۆ كاری پێویست نەبوو، سەردانی نەخۆشخانە نەكرێت، ئەگەر سەردانیكار نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یان گومانی بوونی ڤایرۆسەكەی لێ دەكرێت، با خۆی بەدوور بگرێت لە سەردانی بەشە ڕاوێژكارییەكان".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری، جەختیشی كردەوە: "نەخۆشخانەی رزگاری وەكوو پێشووتر هەوڵ دەدات هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە چارەسەری نەخۆش و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بكات".

پێش چوار مانگ و بەهۆی زیاد بوونی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر بڕیاری دا نەخۆشخانەی رزگاری بۆ تووشبووانی كۆرۆنا تەرخان بكرێت، لەو كاتەوە جگە لە تووشبوانی كۆرۆنا هیچ نەخۆشێكی تری وەرنەگرتووە.












باسنیوز




Top