تەقە لە ماڵی بەرپرسی بەشی لابردنی زیادەڕۆیی لە شارەوانیی سلێمانی كرا
بەپێی زانیارییەكان، درەنگانی شەوی ڕابردوو، دوو چەكداری نەناسراو بە دەمانچە، تەقەیان لە ماڵی خانمە بەرپرسێکی شارەوانی كردووە و تۆمەتیش ئاراستەی ئەو كەسانە دەكرێت كە پێشتر زێدەڕۆییان كردووە.
لەمبارەیەوە سەردەشت ڕەفیق، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لە لایەن دوو کەسەوە کە تاوەکوو ئێستا نازانن کێن، تەقە لە ماڵی خاتوو ھەوار، بەرپرسی بەشی لابردنی زیادەڕۆیی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی كراوە و دواتر چەكدارەكان هەڵهاتوون.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە گومان دەكەن تەقەکەرەکانی شەوی ڕابردوو، ئەو کەسانە بن کە پێشینەی زیادەڕۆییان هەیە و زیادەڕۆییان كردۆتە سەر موڵكی گشتی. گوتیشی: ”ھێزەکانی پۆلیس ئاگادار كراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە“.
لە شاری سلێمانی زیادەڕۆییكردن بۆ سەر موڵكی گشتی بە شێوەیەكی بەربڵاو هەیە و گومان دەكرێت كەسانی خاوەن دەسەڵاتیان لە پشتەوە بێت و بەم هۆیەشەوە كارمەندانی بەشی لابردنی زیادەڕۆیی بە شێوەی جۆراوجۆر هەڕەشەیان لێ دەكرێت.
سەردەشت ڕەفیق ئاشكرای كرد، ئەوە دووەمجارە تەقە لە ماڵی کارمەندانی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانیی سلێمانی دەكرێت، ”زۆر جاریش بە تەلەفۆن ھەڕەشە دەکەن و پەلاماردان بۆ سەر کارمەندەکانمان ڕوویداوە“.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەیەكە لە لایەن كەسانێكەوە دار سنۆبەرەكانی ڕێگەی تاسڵوجە - راپەڕین لە ڕۆژئاوای سلێمانی دەسووتێندرێت و بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، پلان هەیە لە شارەوانی ڕێگەپێدانی كاتی بۆ وەربگیرێت و بكرێتە پێشانگای ئۆتۆمبێل.
هەرچەندە بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی رای گەیاندووە كە ئەوان پۆلیسی شارەكەیان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، (باسنیوز) پەیوەندی بە سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە كرد. ناوبراو رای گەیاند كە بەهۆی ئەوەی هیچ سكاڵایەكیان پێ نەگەیشتووە، زانیارییان لەسەر تەقەكردن لە ماڵی بەرپرسەكەی شارەوانی نییە.
باسنیوز
