پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی 5 ساڵە تەواوبووە و بەشێکی خزمەتگوزارییەکانی تەواو نەبوون
دوای پێنج ساڵ، سەرجەم خانووەکان تەواو کران و یەکەکان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا قوتابخانە، مزگەوت، دایەنگە، باخچە و سەوزایی، بازاڕ و تەنانەت هیچ فرۆشگایەکیشی تێدا نییە، بەهۆی شکانی پەرژینی پرۆژەکەشەوە بە بەردەوامی ژمارەیەک سەگی بەرەڵا لەنێو پرۆژەکەن کە مەترسییان لەسەر ژیانی دانیشتووانی پرۆژەکە دروستکردووە.
هێڵێکی گەورەی ئاوەڕۆی سلێمانی لەنێو پرۆژەکەدایە و مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانیش لە تەنیشت ئەو پرۆژەیەیە کە مەترسیی لەسەر تەندروستیی دانیشتووانی شاری ئەوین دروستکردووە.
رێبوار فەریق دانیشتووی شاری ئەوینە، گووت "تاوەکو ئێستا تەنها 20%ی رێڕەوی ئاوەڕۆ دەرچووە کە دەبوو بکرایە بە زێرابی سندووقی، هەموو رۆژێک بۆنی دێت بەسەرماندا و کۆمپانیاکەش چاکی ناکات و حکومەتیش خەمی ئێمەی نییە، پرۆژەکە هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە".
دانیشتووانی پرۆژەکە خانوویەکیان لەنێو پرۆژەکە بە کرێ گرتووە بۆ خوێندنگە، هەر خوێندکارێک دەبێت مانگانە 10 هەزار دینار بدات بۆ کرێی، ئەوەش تەنیا بۆ پۆلی 1 تاوەکو 6ی بنەڕەتییە و دەبێت منداڵانی باخچە و خوێندکارانی پۆلی 7 تاوەکو 12ی ئامادەیی بچنە خوێندنگەکانی دەرەوەی پرۆژەکە.
سیروان عومەر، بەڕێوەبەری خوێندنگەی ئەوین ئاماژەی بەوە کرد "لە ساڵی 2015وە خوێندنگەکەمان کردووەتەوە و 120 خوێندکارمان هەیە و سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنگەکەش لەلایەن خێرخوازان و کەسوکاری خوێندکارانەوە دابینکراوە و پەروەردەی سلێمانیش جگە لە دابینکردنی مامۆستا و مۆڵەتی خوێندنگەکە هیچی دیکەی بۆ نەکردووین، نەبوونی خوێندنگەیەکی تەواو پێویستیش کێشەیەکی گەورەی بۆ دروستکردووین".
کۆمپانیای ئەوین زۆرینەی کەموکوڕییەکانی پرۆژەکە، دەخاتە ئەستۆی حکومەت و دانیشتووانی پرۆژەکە، چونکە حکومەت خزمەتگوزارییەکانی جێبەجێ نەکردووە و بەشێک لە دانیشتووانی پرۆژەکەش ماوەی پێنج ساڵە پارەی قیستی خانووەکانیان نەداوە.
هۆکاری تەواونەبونی زۆرینەی خزمەتگوزارییەکانیش پارچە زەوییەکی نێو پرۆژەکەیە کە لەلایەن بەرپرسێکی حزبییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و رێگەنادات ئەو خزمەتگوزارییانەی تێدا دروستبکرێن.
سامان حەمە ئەحمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی کۆمپانیای شاری ئەوین دەڵێت "ئەوەی ئەرکی سەر شانی کۆمپانیاکەمان بووە جێبەجێمان کردووە، بەڵام ئەوەی رێگر بووە لە تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەو خاوەن یەکانە بووە کە ماوەی چەند ساڵە پارەیان نەداوە، کەس هەیە لەنێو پرۆژەکەمان 67 مانگە قیستی خانووەکەی نەداوە کە هەموو مانگێک 300 دۆلارە، و 80%ی خاوەن یەکەکان قیستیان نەداوە، هەروەها شارەوانیی سلێمانییش ئامادە نییە کە پرۆژەی زێرابی سندووقیی نێو پرۆژەکە جێبەجێ بکات، هەروەها یەکێکی دیکە لە رێگرییەکان ئەوەیە کە بەرپرسێکی حزبی لەنێو پرۆژەکەمان زەوی تەرخانکراو بۆ نەخۆشخانە و خوێندنگە و مزگەوت لەسەر ئەو زەویەیە".
شارەوانیی سلێمانیش رەتیدەکاتەوە ئەرکی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی ئەرکی ئەوان بێت.
بە نووسراوێکی فەرمی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی لە مانگی ئایاری 2018وە داوا لە دانیشتووانی پرۆژەکە کراوە کە هیچ قیستێکی دیکە بە کۆمپانیا نەدەن تاوەکو جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان.
ئێستا دانیشتووانی پرۆژەکە و کۆمپانیاکەش چاوەڕێی حکومەتن تاوەکو کارێک بکرێت کە خزمەتگوزارییەکانی ئەم پرۆژەیە تەواوبکرێن.
rudaw -
