سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/29، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان پێشوازیی لە لۆرێنزۆ گویرینی، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کرد، لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە تاوتوێ کرا.
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە دا، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، گوتیشی: "هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا درێژە بە ڕاهێنانەکانی پێشمەرگە بدەینەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەشێوەیەکی کاتی وەستابوون".
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان سوپاسی پشتگیری و هاوکارییەکانی ئیتاڵیای کرد و گوتی: "بوونی هێزەکانی ئیتاڵیا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە پێویست و گرنگ دەزانین"، مهسرور بارزانى جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپێناو سەقامگیرکردنی دۆخی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور.
باسنیوز
