مەسرور بارزانی بۆ قوتابیان: رێگەمەدەن هیچ کەس وڵاتەکەتان لەبەرچاو ناشرین بکات

مەسرور بارزانی بۆ قوتابیان: رێگەمەدەن هیچ کەس وڵاتەکەتان لەبەرچاو ناشرین بکات
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، ئاڵا هەڵکرا و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب لێدرا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانەیەکی هەولێر، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

لەدوای لێدانی زەنگی خوێندن، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە قوتابیانی گوت، ئەرکی سەر شانی ئێوە و هەمووانە بەرهەمی رەنجی ئەو کەسانە بپارێزن پێشتر خەباتیان بۆ ئەمڕۆژە و ئازادی کردووە، "داواتان لێدەکەم، رێگەنەدەن هیچ کەس و شتێک وڵاتەکەتان و مێژووە پڕ سەروەرییەکەتان لەبەرچاوتان ناشرین بکات. ئەرکی ئێوەیە خۆتان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی کوردستان بەرەو قۆناخێکی دیکە ببەن".

قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەنێو پۆلەکانی خوێندن دەست بە خوێندن دەکەنەوە، قوتابیان دڵخۆشن بەوە، چونکە دەڵێن، خوێندنی پۆلی 12 کە چارەنووسسازە، بە ئۆنلاین ناکرێت. بەهرین فاخی، قوتابییە و دەڵێت، "هەستێکی خۆشم هەیە لەبەرئەوەی بەرای ئێمە ئۆنلاین بۆ ئێمە کە پۆلی 12ین ناکرێت و لەنێو هۆڵەکاندا بین باشە".

دیار ئیبراهیم قوتابییەکی دیکەیە، باس لەوە دەکات، خوێندنی ئەمساڵ بۆ ئەوان بەتایبەت ئەوەی پۆلی 12ین و قۆناخێکی هەستیارە تاڕادەیەک باشە، بەڵام ئەوە زۆر گرنگە کە ئێمە خۆپارێزی بکەین، بۆ ئەوەی تووشی کۆرۆنا نەبین".

دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن لە کاتێکدایە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان، بەڵام گرنگی و چارەنووسسازیی پۆلەکانی 12ی ئامادەیی و یەکەم و دووەمی بنەڕەتی کە ئەوان لە 10/10 دەستپێدەکەن، وایکرد دەرگەی قوتابخانەکان بکرێنەوە، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرج:

- دەبێت نێوانی قوتابیان لە مەتر و نیوێک کەمتر نەبێت

- دەبێت مامۆستا و قوتابی ماسک ببەستن

- هەفتەی یەکەم بۆ پێدانی رێنمایی تەندروستی تەرخان دەکرێت و نابێت هیچ چالاکی و گردبوونەوەیەکی قوتابیان هەبێت

خوێندنی قۆناخەکانی سێ تاوەکو 11ـی بنەڕەتی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و لە 10/10 دەستپێدەکات، بەڵام جیاوازی شێوازەکانی خوێندن دڵەڕاوکێی بۆ قوتابیان و بنەماڵەکانیان دروستکردووە، لە لایەک کۆرۆنا و لەلایەک تێچوو و ناڕوونیی خوێندنی ئەلیکترۆنی.

سەردار ئەحمەد، باوکی قوتابییە، دەڵێت، حەزم لێیە منداڵەکانم بڕۆن و لە قوتابخانە بخوێنن، تاوەکو تێچووی ئۆنلاینەکە لەسەرمان لاچێت، لە قوتابخانە بخوێنێت باشترە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی بنەڕەتی لە پۆلی یەک تاوەکو پۆلی 12 هەن، بۆ رێگری لە تەشەنەسەندی کۆرۆنا لە قوتابخانەکان، ژمارەی قوتابی نێو پۆلەکان بۆ نیوە کەمکرایەوە.

جیا لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، مانگرتن و خۆپێشاندانی بەشێکی مامۆستایانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان لەبەر دواکەوتنی مووچە، کێشەیەکی دیکەیە کە ئەمساڵ بەرۆکی پرۆسەی خوێندنی لەو ناوچانە گرتووە.
k24 -
Top