بە سیستمێکی نوێ چارەسەری زبڵ و خاشاکی هەولێر دەکرێت
رۆژانه زیاتر له دوو هه‌زار تۆن زبڵ و پاشماوه له سنووره‌كه كۆده‌كرێته‌وه و پاره‌یه‌كی زۆریش له‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌كه‌وێت، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار زبڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه و رایگەیاند "ئامانج له‌و سه‌ردانه بۆ ئاشنابوونی زیاتره به سیسته‌مه نوێكه و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كانی به‌گه‌ڕخستنی سیسته‌مه‌كه، ئه‌ویش له رێی لێدانی بیری تایبه‌ت به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی بۆن و ژێرخاكخستنی خۆڵ و خاشاكی هه‌ولێر و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك چیتر زبڵ و پاشماوه‌كان ناسووتێندرێت و دووباره سوود له هه‌ندێ جۆری پاشماوهكانیش وه‌رده‌گیرێت."
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به یاوه‌ری هه‌ر یه‌كه له سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌پارێزی هه‌ولێر و سه‌رپه‌رشتیاری زبڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه، به‌مه‌به‌ستی له نزیكه‌وه ئاگاداربوون له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كانی سیسته‌می نوێی چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاكی شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری (كانی قرژاڵه)، سه‌ردانی زڵخانهی كانی قڕژاڵه‌ی كرد، "زبڵخانه‌كه یه‌ك له‌سه‌ر سێی پاشماوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی تێدا چارهسهردهكریت."
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له زبڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه به‌وردی تاوتوێی سیستمه‌كه و بابه‌تی ژینگه‌پارێزی سنووره‌كه کرد، تاوه‌كو له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كێشه‌ی خۆڵ و خاشاك و بۆنی ناخۆش و سووتاندنی پاشماوه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت كه راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه و ته‌ندروستیی هاووڵاتییانه‌وه ده‌بێت.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جه‌ختی له‌سه‌ر خێرایی پرۆسه‌كه و چاره‌سه‌ركردنی گرفتی خۆڵ و خاشاك له رێی ئه‌و سیستمه‌وه كرده‌وه و "به‌شێوه‌یه‌ك وه‌زاره‌ت هه‌موو كارئاسانییه‌ك ده‌كات بۆ ئه‌و بابه‌ته و پرسی ژینگه‌سازیی به گشتی له هه‌رێمی كوردستان."
ئه‌م به‌دواداچوونه دوای زنجیره به‌دواداچوونه‌كانی دیکەی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار دێت له‌باره‌ی سێكته‌ری ژینگه‌پارێزی و چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاك له هه‌رێمی كوردستان، به‌وپێیه‌ی "ئه‌و سێكته‌ره به‌لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه زۆر گرنگه" و وه‌ك له كارنامه‌ی حكومه‌تیشدا به‌بایه‌خه‌وه ئاماژه‌ی پێكراوه كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به جیدی كار ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاك له هه‌رێمی كوردستان و بایه‌خدانی زیاتر به كارگه‌ی ریسایكلین له‌پێناو پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان و ته‌ندروستی هاووڵاتییان.
rudaw -
