هۆشەنگ ئۆسێ: ئەمریكا و هەسەدە و مەرجەعیەتی ڕۆژئاوای كوردستان داوای دەرچوونی پەكەكە دەكەن

هۆشەنگ ئۆسێ: ئەمریكا و هەسەدە و مەرجەعیەتی ڕۆژئاوای كوردستان داوای دەرچوونی پەكەكە دەكەن
نووسەرێكی ڕۆژئاوای كوردستان رای گەیاند كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ڕەتی دەكاتەوە ڕۆژئاوای كوردستان چۆڵ بكات و خەڵكی ئەم بەشەی كوردستان وەك بارمتە بەكار دەهێنێت، بەم هۆیەشەوە ئەگەر هەیە توركیا هێرش بكاتە سەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات.

هۆشەنگ ئۆسێ، ڕۆشنبیر و نووسەری رۆژئاوای كوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بڵاو كردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”پێش ماوەیەك گوتم كە ئەمریكییەكان داوای دەرچوونی پەكەكەیان لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات كردووە، بەڵام حزبەكە ئەمە رەت دەكاتەوە، چونكە لە هەشتاكانەوە كوردی سووریا بە لای پەكەكەوە دەمارەكانی ژیانن و حزبەكە وای دادەنێت دەرچوون لە سووریا بابەتی ژیان و مردنە لە ئاستی حزبیدا، بەڵام بوونی خۆی بە درووشمی نەتەوەیی سواق دەدات و سیاسەتی داپڵۆسینی كورد لە لایەن توركیا بە بیانوو دێنێتەوە“.

ئەوەشی وەبیر هێناوەتەوە كە پێشتر پەكەكە ڕەتی دەكردەوە لە سووریا هەبێت و پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە)ش رەتی دەكردەوە پەیوەندیی ڕێكخستن و ئۆرگانی لەگەڵ پەكەكە هەبێت، بەڵام “ئێستا هەموو شتێك ڕوونە”.

ئەو نووسەرە ئاشكرای كردووە كە “پەكەكە بە پێداگری لە مانەوەی لە ڕۆژهەڵاتی فورات، پاساو دەدات و گڵۆپی سەوز پێدەكات بۆ توركیا تاوەكوو ئەم ناوچانەش داگیر بكات، هەروەك چۆن حزبەكە لە عەفرین كردی”.

هەروەها دەڵێت: “پێدەچێت هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەرچوونێكی شەرەفمەندان و ئارام و ئاشتییانەی لەو ناوچانە بوێت، بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژی و خوێنڕشتن، بەڵام پەكەكە دەیەوێت بمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر ناوچەكەش بۆ وێرانە و لەناوبردن بگۆڕێت”.

هۆشەنگ ئۆسێ هۆشداری داوە بەوەی، كوردانی سووریا لە ساڵی ١٩٨٤ەوە چەكی پەكەكەیان هەڵگرتووە، بەڵام “وا پێدەچێت حزبەكە كوردان ناچار بكات كە چەك لە دژی بەرز بكەنەوە، هەروەك ئەوەی حزبەكە لە كوردستانی توركیا كردی و هەندێك عەشیرەتی كوردی ناچار كرد، چەكی دەوڵەت لە دژی پەكەكە هەڵبگرن”.

جەختیشی كردۆتەوە، پەكەكە لە بزووتنەوەیەكی ئازادیخوازی نیشتمانییەوە بۆ هێزی وێرانكردن و ماڵوێرانیی نیشتمانی. دەشڵێت: “ڕەتكردنەوەی دەرچوون لە ناوچە كوردییەكانی سووریا لە لایەن پەكەكەوە پێشبینیكراو بوو، بەڵام ڕەوا نییە و جێی قەبووڵیش نییە كوردانی سووریا تا چوار دەیەی دیكە وەك بارمتەی پەكەكە بمێننەوە”.

باسیشی لەوە كردووە كە كوردانی سووریا گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێك بۆ پێكهێنانی مەرجەعیەتێك كە لە ژێر سەرپەرشتی و فەرمانی پەكەكەدا نییە، هەرچەندە پەكەكە ئەمەی رەت كردۆتەوە.

بەڵام “واشنتۆن و هەسەدە و مەرجەعیەتی كوردی لە سووریا بە پەكەكە دەڵێن، بە یارمەتیت، ڕۆڵت لێرە تەواو بوو. بەڵام پەكەكە دەڵێت: یان من، یان دوای من با كاول بێت”.












باسنيوز


Top