له‌ هه‌ولێر هەڵمەتی خاوێنكردنەوە و ژینگەسازی دەستی پێكرد

له‌ هه‌ولێر هەڵمەتی خاوێنكردنەوە و ژینگەسازی دەستی پێكرد
وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌ هه‌ولێر هەڵمەتی خاوێنكردنەوە و ژینگەسازی دەستی پێكرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە 27/9/2020، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا باس له‌وه‌ كراوه‌، ئه‌مڕۆ لە هەولێر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێز و دەزگەكانی راگەیاندن، هەڵمەتێكی فراوانی خاوێنكردنەوە و ژینگەسازی دەستی پێكرد.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، هەڵمەتەكە سەرەتا لە بازاڕی میللیی كوورانی مەخموور دەستی پێكرد، پرۆسەكە لە شوێنەكانی دیكه‌ش بە بەشداریی تیمەكانی شارەوانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و ڕێكخراوێكی ژینگەپارێزی بەڕێوە دەچێت، بۆ خاوێنكردنەوەی ژینگە و بایەخدانی زیاتر بە بابەتی ژینگەسازی لە سنووری پارێزگای هەولێر.

لە میانەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن جەختی لە گرنگیی ئەو جۆرە هەڵمەتانەی ژینگەپارێزی كردەوە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك دامودەزگەكانی شارەوانی و ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییان، ژینگەی كوردستان لە پیسبوون بپارێزرێت، ئەمەش دوای ئەوە دوێنێ شەممە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی فراوانی تایبەت بە پرسی ژینگەسازی كرد كە تێیدا ڕێنوێنی دایە فەرمانگەكانی شارەوانی و دامودەزگەكانی سنووری پارێزگەی هەولێر بۆ هۆشیاركردنەوە هاووڵاتییان لە بواری پاراستنی ژینگە و خاوێنكردنەوەی شوێنە گشتییەكان.

لە تەوەرێكی دیكه‌ى هەڵمەتەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە نزیكەوە گوێی لە داواكاریی هاووڵاتییان و دووكاندارانی بازاڕەكە گرت، ئه‌مه‌ش بەمه‌بەستی چارەسەركردنی گرفتەكانیان و بەداوداچوون بۆ ئەو داواكاری و گرفتانەی لە سنوورەكە هەن و بەڵێنی بەدوادچوونی وردی پێدان، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانه‌وه‌ بەدواداچوون بكرێت.





باسنيوز
Top