رۆژنامەیەکی نزیک لە رێبەری ئێران رەخنە لە مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەگرێت
ئەو داواکارییە لەگەڵ پێگەی سیستانی و پێگەی عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆ یەکناگرێتەوە و پەسەندکراو نیە
حسێن شەریعەتمەدار، بەڕێوەبەری رۆژنامەی "کەیهان" کە لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لەو پۆستەدا دەستنیشانکراوە لە دوایین ژمارەی رۆژنامەکەدا وتارێکی بڵاوکردوەتەوە، لەو تارەدا رەخنە لە داوکارییەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەگرێت بۆ سەرپەرەشتیکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و باوەڕیوایە ئەو داواکارییە لەگەڵ پێگەی سیستانی و پێگەی عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆ یەکناگرێتەوە و پەسەندکراو نیە.
داواکردن لە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا بکات، راگەیاندنی مایەپوچیە
لەبەشێكی وتارەکەدا هاتوە، "داواکردن لە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا بکات، ئەوە راگەیاندنی مایەپوچی و متمانە نەبونە بە گەل، هەروەها پشت بەستنە بە خەڵکی بیانی، کە سیستانی لەهەردو حاڵەتەکەدا بێ بەریە لەهۆکارەکان و بەرپرسیار نیە".
نەتەوە یەکگرتوەکان هۆکارێک نیە بۆ ئاشتی جیهانی
بەڕێوەبەری رۆژنامەی "کەیهان" ئەوەشی خستوەتەڕو، نەتەوە یەکگرتوەکان هۆکارێک نیە بۆ ئاشتی جیهانی، بەڵکو هۆکارێکە بۆ فشارخستنەسەر وڵاتان و لەلایەن ئەمریکا، وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی بەکاردەهێنرێت.
نوسینگەکەی لەم پرسەدا ورد نەبون، بۆیە داوکارم ئەو راگەیەنراوە راستبکرێتەوە
لەکۆتایی وتارەکەیدا حسێن شەریعەتمەدار باسی لەوەکردوە، ئەو لەو باوەڕەدا نیە کە سیستانی داوایەکی لەو شێوەی لە نەتەوە یەکگرتوەکان کردبێت و "نوسینگەکەی لەم پرسەدا ورد نەبون، بۆیە داوکارم ئەو راگەیەنراوە راستبکرێتەوە".
هەڵبژاردن بەهەماهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکان بەڕێوەبچێت
13ی ئەم مانگە، نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبونەوەی سیستانی و جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە ساڵی داهاتو بەڕێوەبچێت گرنگی زۆری هەیە و پێویست دەکات سەرجەم رێنمایی و رێکارەکان بۆ بەڕێوەچونی پیشەیانەی پرۆسەکە بگیرێنەبەر، بۆ ئەوەی هانی هاوڵاتیان بدرێت بە گەرموگوڕی بەشداری بکەن، بۆیە پێویستە هەڵبژاردنەکان بەیاسایەکی دادپەروەرانە کە دوربێت لە بەرژەوەندی بەشێک لە هێزە سیاسییەکان و بەهەماهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکان بەڕێوەبچێت".
هەڵبژاردنی پێشوەخت پێدانی دەرفەتە بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بە ئازادی و دور لەفشار نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن
ئاماژە بەوەشکرابو، هەڵبژاردنی پێشوەخت پێدانی دەرفەتە بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بە ئازادی و دور لەفشار نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، نوێنەرانێک کە شایستە بن و کار بۆ چارەسەری کێشەکان بکەن، بەپێچەوانەوە جێبەجێنەکردنی ئەو پێشمەرجانە وادەکات هەڵبژاردنی پێشوەخت کێشەکان ئاڵۆزتر بکات و هەڕەشە لەسەر داهاتوی وڵات و رۆڵەکانی دروست دەکات.
خەندان
