سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وردەکاریی و هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، ئاشکرا دەکات.

ئێوارەی رۆژی شەممە 26-9-2020، پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردن کۆ بووەوە و دوای مشتومڕێکی زۆر، پەسەندکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن بۆ رۆژی 10-10-2020 دواخرا.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: تا ئێستا پارتی لەگەڵ یەک بازنەیی بوو بۆ هەموو عێراق یاخود هەر پارێزگایەک بکرێتە یەک بازنە.

ڤیان سەبری هەروەها رایگەیاند، زۆرینەی فراکسیۆن و کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فرەبازنەییدان، بۆیە یەک بازنەیی یان یەک بازنە بۆ هەر پارێزگایەک، سەرناگرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە کرد و رایگەیاند، ”ھەموو کوتلە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ دواخستنی ئەو دانیشتنە بوون“.

ڤیان سەبری ئاشکراشی کرد، کە ”بەداخەوە“ فراکسیۆنە کوردییەکان رای جیاوازیان بۆ دروست بوو و یەکدەنگ نەبوون.










باسنيوز
Top