رەوشی بەشێکی گوندەکانی زاخۆ ئارام بووەتەوە

رەوشی بەشێکی گوندەکانی زاخۆ ئارام بووەتەوە
دوای زیاتر لە سێ مانگ لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، رەوشی بەشێک لە گوندەکانی سەر سنوور تاڕادەیەک هێور بووەتەوە و وەکو پێشتر هێرش و بۆردوومانی بەردەوام لەسەر گوندەکان نەماون.

بەڕێوەبەری شارۆچکەی باتیفا ئاماژە بەوە دەکات، رەوشی ناوچەکە 50٪ ئارام بووەتەوە، ئێستا جووتیار و خاوەن باخەکان لە 20 گوندی ناوچەکە گەڕاونەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە تورکیا لەماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا بەقووڵایی 15 کیلۆمەتر و درێژی 40 کیلۆمەتر هاتبووە نێو سنووری هەرێمی کوردستان و 35 خاڵی سەربازیشی لە ناوچە سنوورییەکان داناوە.

سەرەتای ڤیدیۆکە هاونیشتمانییەکی گوندی ئەڤلەهێ دەبینن، دوای ئەوەی خانووەکەی لەلایەن سوپای تورکیاوە تێکدرا، دووبارە بونیادی دەناتەوە و لە بلۆکە کەرتبووەکان، خانوو دروستدەکاتەوە. دەڵێت، تاوەکو ئێستا تورکیا سێ خانووی رووخاندوون.

بەهۆی گەڕانەوەی ئەو ئارامییە بۆ ناوچەکە، زیاتر لە 20 خێزان کە پێشتر بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکان گوندەکانیان لە سنووری زاخۆ چۆڵکردبوو، ئێستا گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان. بەشێکیان داری سووتاوی شەڕی تورکیا و پەکەکە لەو ناوچانە بۆ زستانی ئەمساڵ ئامادە دەکەن.

ئەو گوندە هێشتا کاریگەریی شەڕی بەسەرەوە ماوە، جەمیلە ژنە جووتیارێکی گوندەکەیە و دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە دەوروبەری گوندەکەیان سووتاوە، لەوەڕ کەمبووەتەوە بۆ ئاژەڵەکانیان، بەوهۆیەوە شیریان کەمی کردووە. دەشڵێت، عەلەف گرانە و بۆیان ناکڕدرێت.

بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، نزیکەی 50 گوندی هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکار چۆڵکراون.

rudaw -
Top