كەركووك... توركمانەكان داوای دوورخستنەوەی ڕاكان جبووری و "دەسەڵاتە گەندەڵ"ـەكەی دەكەن
ئەمڕۆ شەممە 26/9/2020، ژمارەیەك توركمانی كەركووك، خێوەتیان لە ناوەندی شارەكە هەڵدا و دروشمی "نا بۆ زەلیلی؟"ـیان بەرز كردەوە، وەك سەركۆنەكردنی دەسەڵاتی ئیداریی گەندەڵی شارەكە.
توركمانەكانی كەركووك، دووپاتیان كردەوە، كە ڕاكان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك، جیاوازی و كێشەی خستووەتە نێوان پێكهاتەكانی كەركووكەوە و بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی، بۆیە داوایان كرد كە لە كارەكەی دوور بخرێتەوە و گۆڕانكاریی لە پۆست و پلە كارگێڕییەكانی شارەكەدا بكرێت.
عەباس ئۆچی، یەكێك لە توركمانە بەشداربووەكانی ئەو گردبوونەوەیە، گوتی: "ئێمەی توركمان هیچ نوێنەرێكمان نییە، بە تەنیا و بێپشتین، سیاسییەكانمان هیچ ناكەن جگە لە كاركردن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی كەس نوێنەرایەتیمان نەكات، جگە لە خۆمان."
هەروەها سەركۆنەی لابردنی بەرپرسانی توركمانیی شارەكەیان كرد، كە بە كەسانی تر لە نەتەوەی عەرەب شوێنیان پڕكراوەتەوە.
هەروەك داوایان كرد كە سنوور بۆ گەندەڵیی كارگێڕیی و پڕۆسەی گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەكە دابنرێ، ئەمەش هەمان ئەو دروشمەیە كە كورد لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە بەردەوام دووپاتی كردووەتەوە.
ئێستا كورد و توركمانی شارەكە، لەوەدا هاوڕان، كە بەرپرسی یەكەم لە تێكچوونی ڕەوشی ناوچەكە و جڵەوگرتنەدەستی میلیشیاكان و پرۆسەكانی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافی، ڕاكان جبووری، پارێزگای سەپێندراوی شارەكە و تیمە ئیدارییەكەیەتی.
باسنيوز
