هێزە ئەمنییەکانی ئێران داوای چۆڵکردنی شەش گوندی سنووری سەردەشت دەکەن

هێزە ئەمنییەکانی ئێران داوای چۆڵکردنی شەش گوندی سنووری سەردەشت دەکەن
لە نامەیەکدا کە نوێنەری شاری سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران، بۆ ئەنجوومەنی باڵای نیشتمانیی ئێرانی ناردووە، ڕەخنەی لە بڕیارێکی حکوومەت گرتووە کە داوایان کردووە شەش گوندی سەردەشت کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانن، چۆڵ بکرێن.

بەپێی ناوەرۆکی ئەو نامەیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی ئێران (هەنگی مەرزی) لە سنووری سەردەشت نامەیان بۆ ئەنجوومەنی گوندەکانی "بەردان، کاگی، هەرزنێ، تهیت، گۆڕشێر و نۆکان"ی سەر بە سەردەشت ناردووە و بەو بیانووەی کە لە خاڵی سفری مەرزی و لە "ناوچەی سوور" هەڵکەتوون، دەبێ خێرا دانیشتوانی چۆڵیان بکەن".

شۆرای تەناهیی شاری سەردەشت، ئەندامانی ئەنجوومەنی گوندی "بەردان"یان بانگهێشت کردووە و پێان ڕاگەیاندوون لە ڕاستای پەسەندکراوی ئەنجوومەنی باڵای نیشتمانیدا دەبێ دەسبەجێ هەوڵی چۆڵکردنی ئەو گوندە بدەن.

بەپێی زانیارییەکان ئەو گوندانە بە بیانووی ئەوەی کە لە هێڵی سنووری هەڵکەوتوون کە ئێران بە بە "ناوچەی سوور" ناویان دەهێنێت، لە هەموو پێداویستییەکی خزمەتگوزاریی وەک کارەبا، ئاو و ڕێگاوبان بێبەرین.

لە نامەکەی کەمال حوسێن پوور نوێنەری سەردەشت کە بۆ د. شەمخانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای نیشتمانیی ئێران نێردراوە، ڕەخنە لەو بڕیارەی حکوومەت گیراوە و ئاماژە بەوەش کراوە کە وێڕای ئەو بڕیارە هیچ بیرێک لە شوێن و جێگە و دابینکردنی بژوی دانیشتوانی ئەو گوندانە نەکراوەتەوە.

ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە بە دانیشتوانی ئەو شەش گوندەی سنووری سەردەشت لە کاتێکدایە، کە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، پێشتر لە نامایەکدا بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی دیکە چەند ناوچەەکی قەدەغەی بە ناوی "ناوچەی سوور" ناو بردووە کە دەبێ دانیشتووی تێدا نەمینێت.

ئەو شەش گوندەی سەردەشت، زیاتر لە ٦٠ بنەماڵەن، هەروەها ٢٠٠ کەس دانیشتوویان هەیە کە زۆربەیان مەڕدار و سەرقاڵی کشتوکاڵ و کاسبیی سەرسنوورن.

لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە درێژایی سنوور لەگەڵ باکوور و باشووری کوردستان بە سەدان گوند لەو ناوچانە هەڵکەوتوون کە خەریکی کشتوکاڵ و کاسبیی سەرسنوورن، بەڵام هەتا ئێستا بە دانیشتوانی گوندەکانی هەموو شارەکان ڕانەگەیەندراوە کە دەبێ چۆڵ بکرێن و خەلکەکەی بگوازرێتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شارەکانی "مێهران، سەرپیڵ‌زەهاو، قەسرشیرین، ئەزگلە، جوانڕۆ، پاوە، نەوسوود، نۆدشە، مەریوان، بانە، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، ورمێ، ماکۆ و خۆی و سەڵماس" هاوسنووری باشوور و باکووری کوردستانن و بە سەدان گوندی ئەو شارانە لە خاڵە سنوورییەکان هەڵکەوتوون.

ئەم بڕیاری چۆڵکردنە لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە وەکوو کۆچپێکردنی زۆرەملێ دێتە ئەژمار کە لە بەڵگەنامەکانی مافەکانی مرۆڤدا بەتەواوی ڕەت کراوەتەوە و تەنانەت لە مادەی ٧ی پێڕەوی دیوانی باڵای نێودەوڵەتی سزاکانیش وەکوو تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەژمار کراوە.











باسنيوز



Top