نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین یارمەتیدەربین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیریی عێراق

نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین یارمەتیدەربین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیریی عێراق
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نیگەرانن لە هێرش و هەڕەشەی ئەم دواییەی سەر ئەرکە دیپلۆماسییەکان و بنکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئامادەشن هاوکاریی عێراق بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری.

لە تویتێکدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، پاڵپشتیی هەوڵی سەرکردە عێراقییەکان دەکەن بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە. ئامادەی هاوکارین بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵاتدا.

لە ماوەی رابردوودا هێرشەکان بۆ سەر شاندە دیپلۆماسییەکان و تەقینەوەکان لە بەغدا زیادیانکردووە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لەگەڵ بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بە مووشەک دەکرێنە ئامانج، زۆر جاریش گرووپە چەکدارە نزیکەکان لە ئێرانەوە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکرێن.

لە 15ـی ئەم مانگەش لە بەغدا بۆمبێک بە کاروانێکی شاندی دیپلۆماتکارە بەریتانییەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا تەقییەوە.

دەقی توویتەکەی نێچیرڤان بارزانی:

بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی دوایین هێرش و هەڕەشەکان دژی ئەرکە دیپلۆماسییەکان و بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەین کە عێراقییەکان لە "تیرۆر" دەپارێزن. پاڵپشتی لە هەوڵی سەرکردە عێراقییەکان بۆ رێگەگرتن لە هێرشی زیاتر دەکەین و ئامادەین یارمەتیدەربین بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.
k24 -
Top