ئەمشەو گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر و تورکیا دەستپێدەکەنەوە
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمشەو کاژێر 2:00ـی شەو لە پێشوازیی هێڵی فلای پێگاسووسی تورکی دەبین، کە گەشتەکە لە ئیستەنبووڵەوە بۆ هەولێر دەبێت. گەشتی فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەنەوە دەستپێدەکات و سەرنشینەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دادەبەزن. بە پێچەوانەشەوە، گەشتیاران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئیستەنبووڵ دەبات".
بەپێی ماڵپەڕی فلای پێگاسووس، ئەمشەو گەشتێک هەیە لە ئیستانبووڵەوە کە کاژێر 11:25 خولەکی شەو دەست بە گەشتەکە دەکات و کاژێر 02:00ی بەرەبەیان فڕۆکەکە دەگاتە هەولێر.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد "رۆژی شەممە 26ی ئەیلوولی 2020 کاژێر 4:30ی شەو تورکیش ئێرلاین گەشتی ئیستەنبووڵ - هەولێر و هەولێر - ئیستەنبووڵ ئەنجامدەدات".
گەشتی نێوان هەموو هێڵە ئاسمانییەکان و فڕۆکەخانەی هەولێر، بە گوتەی ئەحمەد هۆشیار "بەمزووانە دەستپێدەکەنەوە، تەنها رۆیاڵ جۆردن و لۆستانزە نەبێت. رۆیال جۆردن ئوردنییە و لۆستانزەیش لەنێوان ئەڵمانیا - هەولێرە. پێشبینی دەکرێت مانگی 10 رۆیاڵ جۆردن دەستپێبکاتەوە. چاوەڕوان دەکەین لۆستانزەش کار بۆ دەستپێکردنەوەکە بکات".
ئەوەش لەکاتێکدایە، تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە لەگەڵ تورکیا تاوەکو ئێستا دەستیان پێنەکردووەتەوە و "ئەمشەو گەشتی ئاسمانی لەنێوان ئیستەنبووڵ و سلێمانی ئەنجامنادرێت".
پێشتر سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و عێراق بە سنوورداری دەستیپێكردووەتەوە، گوتیشی "پێشتر توركیا و عێراق هەفتانە 284 گەشتی ئاسمانی لەنێوانیاندا دەكرا، بەڵام ئێستا مۆڵەتی 40 گەشت دراوە".
لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەراورد بە پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشتەكان زۆر كەمبوونەتەوە "پێش بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەفتانە 142 گەشت لە توركیاوە و 142 گەشتیش لە عێراقەوە دەكران، بەڵام ئێستا رێگەدراوە بە هەردوو وڵاتەكە هەفتانە 40 گەشت بكەن، واتە 20 بە 20، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی گەشتیار".
سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا وەرگرتنی ڤیزەی توركیا ئاسان بوو، بە ئەلیكترۆنی وەردەگیرا، بەڵام ئێستا زۆر قورس بووە و تەنیا لە رێگەی سەردانیكردنی كۆنسوڵخانەكانەوە دەبێت.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەندین مانگە گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و عێراق راگیراون.
rudaw -
