وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا لە لیژنەیەكی پەرلەمان میوانداری دەكرێت
جوان یوونس ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ڕایگەیاند: "بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان كە بەمدواییە ڕووی داوە، بڕیارە شاندێكی هەرێم بە سەرپەرشتیی وەزیری كاروباری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ لەگەڵ بەغدا، سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆكردن لەسەر دۆخی ناوچە كوردستانییەكان".
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "ئێمە وەك لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەفتەی داهاتوو بانگهێشتی هەر یەك لە خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا و دكتۆر عەبدولحكیم خەسرۆ سەرۆكی گشتیی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم دەکەین بۆ گفتۆگۆكردن لەسەر ئەو پرۆژەیەی كە حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان ئامادەی كردووە".
جوان یوونس ڕۆژبەیانی گوتیشی: "مەبەست لەم بانگێهشتكردنە ئەوەیە، کە روونكردنەوە دەدەنە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان سەبارەت بە ڕاپۆرتەكە و ئەو پڕۆژەیەی کە ئامادەیان كردووە گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت و ئەگەر هەر خاڵێك پێویست بێت لە ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیە زیاد بكرێت، ئەو شاندەی سەردانی بەغدا دەكات، ئەمجارە تایبەت دەبێت بە دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان"
باسنیوز
