دوای پەیامەكەی مەسرور بارزانی، حكوومەتی عێراق گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی سەردەمی سەدامی لە ناوچە كوردستانییەكان ڕاگرت
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ٩ی ٢٠٢٠، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رای گەیاند: ”بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێریی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چارەنووسیان دیاریکراوە“.
دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر بەسەر ئەو پەیامە، رەعد سەعدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی جێبەجێكردن بە وەكالەت لە وەزارەتی دادی عێراق، فەرمانێكی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی جێبەجێكردن لە پارێزگاكانی (نەینەوا، سەڵاحەدین، كەركووك، دیالە، نەجەف، كەربەلا و ئەنبار) كردووە كە ناوەڕۆكی بڕیارێكی لێژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە خۆوە دەگرێت.
بەپێی نووسراوەكە، ئاماژە بە بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق كراوە كە تێیدا هاتووە: (هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرێبەستە كشتوكاڵییەكان كە لە ژێر ڕۆشنایی سیاسەتی گۆڕانكاریی دیمۆگرافی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و ئەوانەی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە بە تایبەتیش لە پارێزگای كەركووك و دووبارە گەڕاندنەوەی دۆخەكە بۆ پێش بەستنی ئەم گرێبەستانە).
جگە لەوەی باس لە چەندان بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی زەویوزاری جووتیاران كراوە.
هەر لە نووسراوەكەدا داوا لە فەرمانگەكانی جێبەجێكردن كراوە، كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پەیوەندیدار بە زەویوزاری جووتیارانی ناوچەكانیان ڕابگرن، تا ئەوكاتەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری تایبەت بە چارەسەركردنی لێكەوتەكانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە دەردەكات. لێژنەیەكی وزاریش لەمبارەیەوە هەیە.
چاودێران پێیانوایە كە ئەم بڕیارە، رێگری لەوە دەكات، عەرەبە هاوردەکان بەپێی یاسا و گرێبەستەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسی پێشوو، دەست بەسەر زەویوزاری جووتیارانی کورددا بگرن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
باسنيوز
