بەرپرسێكی پێشووی یەکێتی: ھەر کەسێک دژی سەربەخۆیی کوردستان بێت، خائینە
ئەحمەد قەدەفەری، پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی كە پێشتر جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری حزبەكە بووە، ڕایگەیاند، چل ساڵ خەبات و تێکۆشانی بۆ ئەوە کردووە كە گەلی کورد خاوەنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بێت، بۆیە: ”ئەگەر سبەی ڕیفراندۆم بکرێتەوە، جارێکی دیکە بە (بەڵێ) دەنگ دەدەم، ئەگەر بڵێم ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی وڵاتەكەم ناوێت، ئەوە قسەیەکی منداڵانەیە! بەڵام ئەوانەی ڕیفراندۆمیان بە باش نەزانیوە، بۆچی دەنگیان پێ داوە؟ خۆ کەس بە زۆر دەنگی پێ نەداون؟ کە دەنگیشیان بە ڕیفراندۆم داوە، بۆچی تا ئەو كاتەی دەرئەنجامەكانیان بە باش دەزانی، لەگەڵیدا بوون، ئێستاش قسەی دیكە دەكەن“.
ڕوونیشی كردەوە: ”ھەموو حزبەکان بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا كرد، یەکێتی بەشداریی کردووە، عومەری سەید عەلی كە ڕێكخەری بزووتنەوەی گۆڕانە، بە فەخرەوە لە ڕیفراندۆم دەنگی داوە، نازانم بۆچی ئێستا كەسانێك لە دژی ڕیفراندۆم قسە دەكەن؟ گوتیشی: “كورد خۆی وا ڕاھاتووە، ھیچ کات شکست ناخاتە ئەستۆی خۆی. دەزانین كە ھەموان ڕیفراندۆمیان کردووە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەیتوانی بڵێ ئێمە بەشداری لە ڕیفراندۆمدا ناکەین، خۆ کەس بە زۆر ڕیفراندۆمی پێ نەدەکردن؟“.
ئەو بەرپرسەی پێشووی یەكێتی جەختی كردەوە: ”ھەر حزبێک بەشداری لە ڕیفراندۆمدا کردووە، دەبێ ھەموو دەرئەنجامەكەشی قبووڵ بکەن، ئەگەر ڕیفراندۆم بە سەربەخۆیی كۆتایی بهاتایە ھەمووی خۆی بە خاوەنی دەزانی، بەڵام ئێستا پشتی لێ دەکەن و وا دەزانن بە زۆر دەنگیان پێ دراوە؟“.
لە كۆتاییشدا ئەحمەد قەدەفەری گوتی: ”ھەر کەسێک قسە بە سەربەخۆیی کوردستان بڵێت، یان دژی سەربەخۆیی نەتەوەکەی بێت، خائینە“.
باسنیوز
