لە دهۆك تا ئێستا تەنیا 90 كەس پلازمای خوێنیان پێشكەش كردووە
ئەمڕۆ دووشەممە 21/9/2020، عادل عهبدولسهلام، بەڕێوەبەری بانكی خوێن لە دهۆك، ڕایگەیاند: لە سەرەتای پێویستیبوونمان بە پلازمای خوێن، تا ئێستا ژمارەیەكی كەمی خەڵك پلازمایان بەخشیوە، بۆیە سێ جار داوامان كردووە لە هەولێرەوە پلازمای خوێنمان بۆ بێت و بۆ ئەو مەبەستە 100 بوتڵمان بە دەست گەیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستە بەرەبەرە ژمارەی ئەوانەی بۆ بەخشینی پلازمای خوێن سەردانمان دەكەن، زیاتر بوونە.
لە بەشێكی لێدوانەكەیدا، ئەوەی ڕاگەیاند، لە نزیكەی چوار هەزار كەس، كە ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێپەڕاندووە و چاك بوونەتەوە، تەنیا 90 كەس بۆ بەخشینی پلازمای خوێن سەردانی كردوون.
بەڕێوەبەری بانكی خوێنی دهۆك، جارێكی دیكە داوای لەو هاونیشتمانییانە كرد كە كۆرۆنایان تێپەڕاندووە، سەردانی بانكەكەیان بكەن و پلازمای خوێن ببەخشن، دڵنیاشیان دەكاتەوە بە بەخشینی پلازما، هیچ مەترسییەك لەسەر ژیانیان دروست نابێت و كارێكی مرۆڤانە و نیشتمانییە.
باسنیوز
