ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو پێش ئەوەی بگاتە مەزارگەی شەرەفەدین تەقیەوە

ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو پێش ئەوەی بگاتە مەزارگەی شەرەفەدین تەقیەوە
کاژێر 9:30 خولەکی ئەمشەو ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ پێش ئەوەی بگاتە مەزارگەی شەرەفەدین لە باکووری شنگال تەقیەوە.

خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەقینەوەکە کیلۆمەترێک لە مەزارگەی شێخ شەرەفەدین دوورە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە.

شاهێدحاڵێکیش لە شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کاتەی کە تەقینەوەکە روویدا ئێمە لە نزیکی رووداوەکە بووین، بەڵام نەمانزانی کێ و چۆن تەقیوەتەوە. لە ئۆتۆمبێلەکەشدا هیچ سەرنشین و شۆفێرێکی تێدا نییە."

شاهێدحاڵێکی دیکەش سەبارەت بە کاتی تەقینەوەکە گوتی، "ئێمە تەنیا گوێمان لە دەنگێکی بەهێز بوو و دواتر ئاگرێکی گەورە کەوتەوە. ئەو تەقینەوەش نامەیەکە بۆ ئێمە و دەیانەوێت بمانترسێنن، بەڵام ئێمە لە هیچ ناترسێین و مرۆڤ هەر جارێک دەمرێت."
k24 -
Top