پارتی: بەشداری لە هیچ كۆبوونەوەیەك لە نێو كەركووك ناكەین چونكە شارەكە داگیر كراوە
كۆبوونەوەكە تایبەت بوو گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگای كەركووك، سەبارەت بە هۆکاری بەشدارینەکردنی نوێنەری پارتی لە کۆبوونەوە مەریوان جەلال، كارگێڕی لقی كەركووكی پارتی، ڕایگەیاند: "ئێمە وەكو پارتی بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەك لە ناو شاری كەركووكدا ناكەین، چونكە شارەكە بەداگیركراو دەزانین”.
گوتیشی: “پێشتر كۆبوونەوەیەك لە قەرەهەنجیر ئەنجام درا پارتیش بەشداری كرد، بەڵام لەناو كەركووك بەشدار نابین بەو دۆخە نالەبارەی شارەكە و كۆبوونەوەی لەو شێوەیەش هیچ بەرهەمێکی نابێت”.
ڕاشیگەیاند: “ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كەركووك باشە و ناوە ناوە دێنە هەولێر كۆبوونەوە دەكەین، بەڵام بەشداریی لە هیچ كۆبوونەوەیەك لە نێو كەركووك ناكەین”.
سەبارەت بە ئەوەی لەو كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کراوە، ئەو بەرپرسەی پارتی، گوتی: “دەزگاكانی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجام داوە و بەرنامەیان داڕشتوە بۆ ئایندە و كۆبوونەوەكانیان بەردەوام دەبێت”.
باسنیوز
