منداڵێکی ئاوارە بە گریانەوە داوای بەهاناوەچوون لە کازمی دەکات

منداڵێکی ئاوارە بە گریانەوە داوای بەهاناوەچوون لە کازمی دەکات
منداڵێک بانگەوازێک بەهەنسک و قوڕگی پڕ گریانەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بانگەوازی بەهاناوەچوون تاوەکو لەو ترسە رزگارییان بکات کە هەشت مانگە بەرۆکی گرتوون.

ئەحمەد لە خێوەتێکدا دەژی کە دەکەوێتە کەمپی ئاوارەکانی یەحیاوا لە ناحیەی لەیلانی رۆژهەڵاتی کەرکووک، لە شارۆچکەی عەیازییەی سەر بەتەلەعفەرەوە نزیکەی چوار ساڵە ئاوارەن.

ئەحمەد عوزێر تەمەنی 13 ساڵانە، بەزمانێکی پاراو گوزارشت لە ترسی نێو دڵ و دەروونی دەکات، کە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە لەخۆی و کەسوکارەکەی دەکرێت.

ئەحمەد عوزێر، منداڵی ئاوارە دەڵێت "هەڕەشەم لێکرا بەکوشتن و رفاندن و دەستدرێژی. بە هەموو جۆرێک جنێوێک، نزیکەی هەشت مانگە هەڕەشەمان لێدەکەن، لە فەیسبووک هەڕەشەم لێدەکرا".

ماوەیەکی زۆر ماڵباتی ئەحمەد سکاڵایان لەسەر ئەو کێشەیە تۆمارکردووە، بەڵام هیچ کەس بەدەمیانەوە نەهاتووە، تەنانەت برایەکی ئەحمەد بەناوی عومەر ماوەیەک بێسەروشوێنە تازە زانیویانە دەستگیرکراوە.

دایکی ئەحمەد دەڵێت، ئەو هەڕەشانە دۆخێکی مەترسیداری بۆیان دروستکردبوو، ئەگەرچی نازانن کەسەکە کێیە، بەڵام بە بەردەوامی وێنەی خێوەتەکەی بۆناردوون و هۆشداری پێداون منداڵەکانیان لەژێر رەحمەتی ئەواندان.

مونیرە شنهاوا، دایکی ئەحمەد دەڵێت "ئێمە سکاڵامان تۆمارکرد، پێش چوار مانگ و لەناو مانگی رەمەزان، سکاڵامان تۆمارکرد ئێمە بەدەمەوەهاتنێکمان نەبینی، دوای دەستگیرکردنی کوڕەکەم سکاڵایەکی دیکەمان کرد، بەدەمەوەهاتنەکان زۆر زۆر لەسەرخۆبوو".

لەسەر گرتە ڤیدیۆی مێردمنداڵەکە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتەدەنگ و بەپەلە شاندێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی رەوانەی کەرکووک کرد، شاندەکە گوێیان لە داواکاری ئەو خانەوادەیە و ئاوارەکان گرت، بڕیارییانداوە لەماوەیەکی نزیکدا کار بۆگەڕانەوەیان بکرێت.

کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "هەڕەشەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کراون، بەدەمەوەهاتنی خێرابوو لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە، هەروەها جەنابی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیش، ئێمە ئەمڕۆ بەشێوەی مەیدانی هاتین و هێزە ئەمنییەکانیش رۆڵی خۆیان بینیوە و رێگەنادەین هەڕەشە لە هیچ هاونیشتمانییەک بکرێت بەتایبەت ئاوارەکان، هاتنەکەی ئێمە تەنها ئەوەنییە، بەڵکو لەهەوڵداین ئاوارەکان بگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان".

لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق تاوەکو ئێستا 47 کەمپ ماون، کە 300 هەزار خێزانی ئاوارەی تێدا دەژین، بڕیارە بەپێی پلانێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئاوارەکان بە قۆناخ بگەڕێندرێنەوە، لەبەرنامەدا هەیە 43 کەمپی دیکە بەتەواوی دابخرێن.
rudaw -
Top