بریكاری میر و كەسایەتییە دیارەكانی شنگال: (ماڵی ئێزدییان!) نوێنەرایەتیی خەڵكی ئێزدی ناكات، بەڵام پەكەكە دەیەوێ پەرتەوازەمان بكات

بریكاری میر و كەسایەتییە دیارەكانی شنگال: (ماڵی ئێزدییان!) نوێنەرایەتیی خەڵكی ئێزدی ناكات، بەڵام پەكەكە دەیەوێ پەرتەوازەمان بكات
چەند كەسێك كە تەنیا ئاڵای عێراق و ئاڵایەكی پەكەكەیان لەپشت خۆیانەوە هەڵواسیوە، بە ناوی ماڵی ئێزدییان دژایەتیی گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكەن و كوردانی رەسەنی ئێزدییش جەخت دەكەنەوە كە ئەو كەسانە نوێنەرایەتییان ناكەن و هۆكاری قسەكانیشیان بۆ هەوڵی پەرتەوازەكردنی كوردانی ئێزدی لە لایەن پەكەكە دەگەڕێننەوە.

ماڵی ئێزدییان كە گرووپێكی سەر بە پەكەكەیە لە شنگال، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دژایەتی بۆ گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی كوردستان راگەیاند، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هەوڵانەی لە ساڵانی رابردوودا لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ پاراستنی كوردانی ئێزدی و گەڕاندنەوەی خاكە زەوتكراوەكەیان دراوە.

لە بەرامبەردا جەوهەر عەلی بەگ، بریكاری میری ئێزدییان، رای گەیاند، ئەو چەند کەسەی بە ناوی ئێزدییەکان قسە دەکەن، تەنیا نوێنەری خۆیانن، گوتیشی: ”ماڵی میر نوێنەرایەتیی زۆرینەی ڕەهای ئێزدییەکان دەکات، بەڵام کەمینەیەکی زۆر كەم هەن کە هەندێك لایەنی دیکە ئاراستەیان دەکەن بانگەشەی سەیر ە سەمەرە دەكەن، بەڵام ئەوانە نابن بە نوێنەر بۆ ئێزدییەکان، بەڵکوو هەر شتێک بڵێن، گوزارشت لەو چەند كەسە خۆیان دەکەن“.

لای خۆشیانەوە، حوسێن قائیدی، کەسایەتیی كوردی ئێزدی، رای گەیاند، ئەوانە چەند کەسێکن کە لەبەر دەرگای کابینەیەک وەستاون و ژمارەیان لە حەوت کەس زیاتر نییە، نوێنەری راستەقینەی ئێزدییەکان میر و جڤاتی رۆحانییە کە لە شێخان لە لالش و دهۆک و هەرێمی کوردستانن، ئەوانە لە رووی ئایینی و ئیداری و هەموو بابەتێکی دیکەشەوە نوێنەرایەتیی ئێزدییەکان دەکەن. گوتیشی: ”زۆرینەی رەهای ئێزدییەکان شوێنکەوتەی میر و جڤاتی رۆحانین و لەژێر یاساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان، پێش هەموو شتێک ئێمە کوردین و هەر کورد دەبین و کەس ناتوانێ ناسنامە لە ئێمە بەرێت، گوێ نادەین بە چەند کەسێک، کە لێرە و لەوێ خۆیان بکەن بە خاوەنی ئێزدییەکان، ئەوان تەنیا نوێنەری خۆیانن“.

ئاماژەی بەوەش دا، میری ئێزدییەکان رای گەیاندووە، ئێزدییەکان کوردن و گفتوگۆ لەسەر ئەوە ناکرێ، گوتیشی: ”ئەگەر چەند کەسێک هەبن بڵێن ئێمە کورد نین یان عەلەویین یان عەرەبین، ئەوە تەنیا قسەی خۆیانە، ئەوانە نابن بە نوێنەری راستەقینەی ئێزدییەکان“.

هاوکات، شێخ شامۆ، پەرلەمانتاری پێشووی كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان،رای گەیاند، پەیامێک هەیە، لە هەموو بۆنەیەکی ئێزدییەکان بە بیری ئەواندا دێتەوە، کاتێک سەرۆک بارزانی دەڵێ: ”کەس ناتوانێ ناسنامە بۆ ئێزدییەکان داتاشێت“، بەڵکوو کەی دەرفەت بۆ ئێزدییەکان ڕەخسا و لەسەر خاکی خۆیان بوون، کە ئێستا حکوومەتی عێراق ڕێگە نادات، ئەوا ئێزدییەکان دەتوانن لە ڕیفراندۆمێکدا دەنگ بدەن کە دەیانەوێ عێراقی یان کوردستانی بن؟ ئەوە ئازادن”. گوتیشی ”گرووپێک یان مەجموعەیەک ناتوانێ ناسنامە بۆ ئێزدییەکان دروست بکات، یان چارەنووسی شنگال یەکلا بکاتەوە، ئەوە پێویستی بە ڕیفراندۆمە“.

ئەو نوێنەرەی پێشووی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سەرسوڕمانیی خۆی پیشان دا، کە پەکەکە هەندێ کات دەڵێت کوردین و خۆیان بە کوردپەروەر دادەنێن و ئامانجیان کوردستانە! بەڵام لە کرداریشدا دەیانەوێ شنگال سەر بە عێراق بێت و دەڵێن شنگال کوردستان نییە، ئیتر نازانرێ ئەوە چ کوردبوونێکە.

جەختیشی كردەوە: ”پەکەکە داردەستی ئیقلیمییە و جێبەجێکاری ئەو ئەجێندایەیە کە بەهۆی ستراتیژیی شنگالەوە پێی سپێردراوە. ئەجێندایەک پەکەکە و حەشدی شەعبی بەیەکەوە ئیدارە دەدات و لە عێراقیش گەورەترە، پەکەکە ئێستا جێبەجێکاری ئەو ئەجێندایەیە، کە شنگال ببێتە سەربازگەیەکی گەورەی سیخووڕی، بۆ ئەوەش چەندین تونێڵی گەورەی لە شاخەکە لێ داوە و بەهۆی پەکەکەوە بلۆک لە شنگال بەر خەڵک ناکەوێ، هەمووی دەکڕن و بەرەو شاخەکەی دەبەن، کەوابێت پەکەکە بە هیچ شێوەیەک نایەوێ شنگال سەقامگیر بێت و خەڵکی بەو شێوەیە بۆ پەرتكردنی ئێزدییەکان هان دەدات“.

لە لایەن خۆشیەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شەرعیی شنگال رایگەیاند كە ”ئەو كەسانە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆیان دەكەن و نوێنەرایەتیی كوردانی ئێزدی ناكەن تا بەناوی ئەوانەوە داوا بكەن بخرێنە سەر هەرێمی كوردستان یان نا.

ڕوونیشی كردەوە: ”خەڵكی ئێزدی بە گشتی و بنەماڵەی جینۆسایدكراو و شەهیدان بە تایبەتی داوایان ئەوەیە كە شنگال ببێتە پارێزگایەكی سەر بە هەرێمی كوردستان و ببێتە یەكەمین پارێزگای ئێزدییان لە هەموو دونیادا، بۆیە نابێت چەند كەسێك لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان ئەو مافە لە كوردانی ئێزدی زەوت بكەن“.

مەحما خەلیل ئاشكرای كرد كە ئەو كەسانەی بە ناوی ماڵی ئێزدییان قسە دەكەن، پێشتر سەر بە دەزگای هەواڵگریی سەردەمی ڕژێمی بەعس بوون و تەنانەت دان بەو مافانەش نانێن كە دەستووری نوێی عێراق بە هاووڵاتیانی داوە.

هەر لەمبارەیەوە شێخ مجدەل شێخ خدر، كه‌سایه‌تیى كوردی ئێزدى لە شنگال رایگەیاند، ئەگەر ماڵی ئێزدییان ئەم كارانە بكەن، ئەوا ”ئێزدییەكان تووشی كێشەیەكی گەورە دەكەن، چونكە هیچ كاتێك شنگال لە كوردستان دانابڕێت و تا ئێمە ساغ بین، هەمیشە داوا دەكەین شنگال لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە ببرێت“.












باسنیوز



Top