لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک بۆ گواستنەوەی بازاڕی سیم ئەنجام درا
بەپێی راگەیاندراوێکی پارێزگای هەولێر تێیدا هاتووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 2020.9.16، بەسەرپەرشتی د. فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، هاوڕێ لەگەڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەند و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕیوەبەری شارەوانی شەش و نوێنەری ئەنجوومەنی کاسبکارانی بازاڕی سیمی شاری هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندازیاران، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بەشوێنی تازەی بازاڕەکە و نەخشە و دیزاین و ئەو ئامادەکاریانەی بۆ گواستنەوەی بازاڕی سیم کراوە ئەنجامدرا.
روونیشکراوەتەوە، کە لەکۆبوونەوەکەدا دوای نیشاندانی نەخشەی دابەشکاری ئەو شوێنە نوێیەی دەستنیشانکراوە بۆ بازاڕەکە و دیزانی چۆنیەتی دروستکردنی دوکانەکانی بازاڕەکە بەداتاشۆ بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی وردەکاری چۆنیەتی هەنگاوە کردارییەکانی دەسپێکردنی دروستکردنی بازاڕەکە و گەیاندنی خزمەتگوزارییە پێویستیەکانی بازاڕەکە کرا.
لای خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، سوپاسی وەزیری شارەوانی کرد کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگی پارێزگای هەولێر بووە بەتایبەتی لە پرسی بازاڕی سیم، هەروەها دەستخۆشی لە تیمی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و ئەندازیاران کرد کە بەماوەیەکی کورت توانیویانە نەخشە و دیزایەنی بازاڕەکە ئامادەبکەن.
هەروەها پارێزگاری هەولێر دڵنیایشی دایە نوێنەرانی ئەنجومەنی کاسبکارانی بازاڕی سیم و ڕاگەیاند: "کارەکان قۆناغ و هەنگاوی باشی بڕیوە و ئێمەش لەگەڵتانین، پەنا بەخوا لەئایندەیەکی نزیکدا بەهەوڵی هەموو لایەک دەست بەکارەکانی ترمان دەکەین، دڵنیاشتان دەکەینەوە ئەوەی بەئێمە بکرێت بۆ کاسبکارانی بازاڕەکە درێغی لێناکەین".
باسنيوز
