وەزارەتی كار پێشنیازی هەمواركردنەوەی یاسایەك دەكات لەبارەی ئازادكردنی مەرجدار
کوێستان محمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ چوارشەممە 2020.9.16 لە کاتی ھاتنی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بە میدیاکانی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ دەکەین و دواتر ئەو پێشنیازانەی دەخرێنە ڕوو، دەگەڕێنەوە بۆ بەڕیوەبەرایەتیی چاکسازییەکان بۆ ئەوەی کار لەسەر پێشنیازەکان بکرێت".
لەبارەی ئازادکردنی مەرجدار و مۆڵەتی گشتی بۆ زیندانییان، کوێستان محەمەد گوتیشی: "ئێمە رێنماییمان بۆ ئازادکردنی مەرجدار و مۆڵەتی گشتی ئامادە کردووە، بەڵام کێشەی لەگەڵ یاسای ١٠٤ ساڵی١٩٨١ عێراق ھەبوو، بۆیە ئەو یاسایەمان ھەموار کردووەتەوە و ئەمرۆ گەیشتووەتە وەزارەت و ھەفتەی داھاتوو دەینێرینە ئەنجوومەنی وەزیران".
ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پرسی زیندانییەکان و ڕەوشی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان باس کران و هاوکات ڕاپۆرتی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمان لەبارەی ڕەوشی چاکسازییەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
باسنيوز
