لە دهۆک بنکەیەک بۆ ناساندنی ئایینی زەردەشتی دەکرێتەوە

لە دهۆک بنکەیەک بۆ ناساندنی ئایینی زەردەشتی دەکرێتەوە
30 کەس لە دهۆک ئایینی خۆیان لە ئیسلامەوە بۆ زەردەشتی گۆڕیوە. کۆمەڵەی یەسنا لە دهۆک کرایەوە. نوێنەری کۆمەڵەی یەسنا لە دھۆک دەڵێت، ئامانج ئەوەیە فەرهەنگ و فەلسەفەی زەردەشتی لە دەڤەری بادینان بڵاوبکەنەوە.

ئارام مەهدی، گەنجێکی شاری دهۆکە کە 10 رۆژە بە فەرمی پەیوەندیی بە ئایینی زەردەشتییەوە کردووە.

ئارام مەهدی، کرێکارە و دەڵێت، "بیری زەردەشتی گەلێک فراوانە و گرێدراوی سرووشت، پێکەوەژیانی مرۆڤ، خۆزا و فەرهەنگ و رەسەنایەتیی کوردە. من کورد لە بیر و باوەڕی زەردەشتیدا دەبینم".

لە دەستپێکی ئەم مانگەدا کۆمەڵەی یەسنا بۆ زیندووکردنەوەی فەرهەنگ و فەلسەفەی زەردەشتی کرایەوە. لە ماوەی دوو حەفتەدا 30 کەس بوونەتە ئەندامی.


ھێلان چیا، نوێنەری کۆمەڵەی یەسنا لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامانج و کاروباری ئێمە لەم بنکەیەدا بۆ زیندووکردنەوەی فەرهەنگ و فەلسەفەی زەردەشتییە تا خزمەتی پەیامی زەردەشتی بکەین."

لەم ماوەیەدا پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی لە دهۆک رووبەڕووی چەندین هەڕەشەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونەتەوە.

دیاکۆ خاتوون، هونەرمەندە و دەڵێت، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەموو جۆرە هەرەشەیەکمان لێکراوە و ناوی هەڕەسەکاران لامانن و ئەوە پەیمەکەمان سارد ناکاتەوە و بەردەوام دەبین".

لە هەرێمی کوردستان 300 هەزار پەیڕەوی ئایینی زەردەشتی هەن.


rudaw
Top