ماسیگر و یاریزانانی تۆپی پێ، کێشەیان خستووەتە نێوان ئیتاڵیا و لیبیا
رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، هێزەکانی سوپای نیشتمانیی لیبیا، کە خەلیفە حەفتەر سەرکردایەتییان دەکات، 18 ماسیگری ئیتاڵییان دەستگیرکردووە و لە بەرامبەر دەستگیرکردنی 4 یاریزانی تۆپی پێی لیبیدا ئازادیان دەکەن، کە ئیتاڵیا بەتۆمەتی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەستگیریکردوون.
سەرەتای رووداوەکە بۆ یەکی مانگی ئابی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک بەلەمەکانی پاسەوانی دەریایی لیبیا، لە دوو بەلەمی ماسیگرەکانی سقلیا نزیکبوونەوە و بەتۆمەتی راوکردن لە ئاوەکانی دەریای لیبیادا، تۆمەتباریانکردن و گواستییاننەوە بۆ بەنغازی و لەوێ دەستبەسەریان کردن.
پێشتر و لە ساڵی 2015دا، ئیتاڵیا دەستگیرکردنی چوار کەسی لیبی لە سقلیە راگەیاند، دوای دادگاییکردنیان بۆ هەریەک لەو چوار کەسە 30 ساڵ بەندکردن بڕیاری لێدرا. ئەو گەنجە لیبییانە بە سەرپەرشتیکردنی کارێکی قاچاخچیەتی پەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا تۆمەتبارکراون، کە 49 پەنابەر تێیدا بوونە قوربانی.
کەسوکاری گیراوە لیبییەکان رایانگەیاندووە کە کوڕەکانیان یاریزانی تۆپی پێ بوون و وەک پەنابەر روویان لەدەریا کردووە، بەئومێدی گەیشتن بە ئەڵمانیا و درێژەدان بە پیشەی یاریزانی.
ژمارەیەک لە کەسوکاری وەرزشوانە لیبییەکان، لەبەردەم بنکەی سەربازیی دەریایی بەنغازیدا کۆبوونەوە و داوایانکرد، ماسیگرە ئیتاڵییەکان ئازاد نەکرێن تاوەکو ئیتاڵیا کوڕەکانی ئەوان ئازاد نەکات.
رۆژنامەی 'گاردیان' قسەی لەگەڵ کارمیلۆ زۆکارۆ، داواکاری گشتیی کاتانیادا کردووە، کە بەرپرسبووە لە دۆسێی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی 4 یاریزانە لاوە لیبییەکە و ئەو بە رۆژنامەکەی گوتووە، ئاڵوگۆڕی ماسیگرەکان و لیبییەکان، قبوڵکراو نییە.
تۆنی سیلا، سەرۆکی یەکێتیی خاوەن کەشتی و راوچییەکانی سقلییە، داوای ئاڵوگۆڕەکەی بەکارێکی ناڕەوا و قبوڵنەکراو ناوبردووە. ئەو ئاشکرایکردووە "ئەگەر بەمنزیکانە وەڵاممان لەسەر چارەنووسی ماسیگرەکان پێنەگات، مانگرتن رادەگەیەنین".
لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، کاتێک لیبیا بەهێزی سەربازی، دەستیکرد بە پاراستنی ئاوەکانی لە بەرامبەر راوکردن، بەتایبەت ئەو راوەی کەشتییە بیانییەکان ئەنجامیدەدەن. ململانێ لەسەر راوی 'قرژاڵی سوور' دروستبووە لە نێوان لیبیا و ئیتاڵیادا، بەتایبەت کە نرخی ئەو جۆرە قرژاڵە لە بازاڕدا دەگاتە 70 دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک.
لە دووریی 180 میلی دەریایی لە کەناراوەکانی لیبیا، ناوچەی جیاکەرەوەی سنوورە ئاوییەکانی نێوان لیبیا و ئیتاڵیا بە 'گامبیرۆ رۆسۆ' ناونراوە. بەڵام لە دوای ساڵی 2005ەوە، تەنگژەکانی نێوان هەردوولا زیاتر پەرەیانسەندووە، کاتێک موعەمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا، یەکلایەنە بڕیاری فراوانکردنی سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەیدا.
سەرچاوەکانی حکومەتی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، لە ماوەی چارەکە سەدەی رابردوودا، زیاتر لە 50 بەلەمی ئیتاڵی دەستیان بەسەردا گیراوە و نزیکەی 30 راوچیش دەستگیرکراون و دەیانی دیکەش لەلایەن لیبییەکانەوە بریندارکراون.
rudaw
