فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕێككەوتنێكیان ئیمزا كرد
ئەمڕۆ سێشەممە ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند ھەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ھەردوو مەکتەبی سیاسی رێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە، رێککەوتنەکەش رێگەخۆشکەرە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا.
ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی رۆژی ٦ی٩ی٢٠٢٠ ھەردوو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی بە بەشداری سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی رێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە.
لە بارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەشەوە گوتی لە چوارچێوەی رێککەوتنە سیاسییەکەی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتییە و رێگەخۆشکەرە بۆ کاری پەرلەمانی و کارکردنی ھەردوو فراکسیۆن لە پەرلەمان و تێپەراندنی ئەو پرۆژانەی رەھەندی نیشتیمانیان ھەیە و ئەو رێککەوتنە ھاوکاری جێبەجێکردنی بەرنامەی کابینەی نۆییەمە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان گوتیشی ئەم رێککەوتنە بۆ ئەوە نییە بە زۆرینە و کەمینە، ئەو دوو فراکسیۆنە چۆن بیانەوێت بەو شێوەیە پەرلەمان ئاراستە بکەن، بەڵکو دەبێتە ھۆی زیاتر نزیکبوونەوەی لایەنەکانی دیکەش.
لای خۆیەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەم ڕێككەوتنەوە لە لێدوانێكیدا بۆ پەیامنێران، گوتی ئەم ڕێككەوتنە بۆ ئەوەیە ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، بە سازانی هەموو لایەنەكان بێت، بۆ ئەوەی كۆدەنگی زیاتر دروست بكرێت و كەشوهەوایەك هەبێ كە پەرلەمان لە یاسادانان بەردەوام بێت.
هەروەها ئەم ڕێككەوتنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ كاری پەرلەمان لەسەر چاودێریكردنی حكوومەت، بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، بە تایبەتییش بەرنامەی چاكسازی.
باسنيوز
