عەرەبە هاوردەكان لەسەر داگیركردنی زەویوزاری گوندەكانی سەرگەڕان پێداگری دەکەن
بەپێی زانیارییەکان ئەو عەرەبە هاوردانە بە پاڵپشتیی حەشدی شەعبی و پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك لە دادگاكانی كەركووك گرێبەستی كشتوكاڵییان بۆ نوێ دەكرێتەوە و پێداگرن لەسەر ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ گوندەكانی سنووری سەرگەڕان.
لەم بارەیەوە، عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بەوەكالەت، ڕایگەیاند: "بۆ بابەتی گەڕانەوەی عەرەبەكان، ئەندام پەرلەمانەكان بەردەوام لەسەر خەتن و ئەوان لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراق قسەیان كردووە و ئەویش پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووكەوە كردووە هەر لەسەر بابەتی زەویوزاری سنووەرەكە و وەزیری كشتوكاڵ گوتوویەتی ئەو بابەتە ڕابگرن".
گوتیشی: "بەڕێوەبەر كشتوكاڵیش پەیوەندی پێوە كردووین لەو بارەیەوە و لەم سنوورە كێشەی زەویوزار زۆرە و ئەو عەرەبانەی كە داوای خانوو دەکەن ئەوانەش هەر ڕەوانەی دادگا دەکرێن تاكوو ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن و ئەو عەرەبانە چەند رۆژێك پێش ئێستا هاتبوونە ناو گوندی "پەڵكانە" و چووبوونە ناو دوو خانووی هاووڵاتییەكی كورد و خاوەن خانووەكانیش لە دادگا سكاڵایان كردووە و ئیتر دادگا بڕیار لەسەر ئەو كێشەیە دەدات و ئەو كێشەیە ئێستا لە دادگای دووبزە".
شەممەی رابردووشش ژمارەیەك لە عەرەبە هاوردەكان و بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری كوردان، هەڵیانكوتایە سەر گوندی "پەڵكانە"ی سەر بە قەزای دووبز.
ئەوەش زانراوە ئەو عەرەبانە ئێستا چەند خێزانێكیان لەناو ئەو گوندەن و دەیانەوێت دوای ئەوەی شوێنپێی خۆیان قایم بكەن، ئینجا گوندەكانی دیكەش داگیر بكەن.
دانیشتوانی گوندەكانی سەرگەڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەوان ئامادە نین گوندەكانیان چۆڵ بكەن و رووبەڕووی عەرەبە هاوردەكان دەبنەوە، لە بەرامبەردا ئەمڕۆ عەرەبە هاوردەكان لە گوندی رافیدەینی سەر بە دووبز گرد بوونەتەوە و گوتوویانە هەر دەگەڕێنەوە ئەو گوندانە.
کێشەی زەویوزاری گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز بۆ سەردەمی حکوومەتی رووخاوی بەعس دەگەڕێتەوە کە کوردانی رەسەنی ناوچەکە بە زۆرەملێ و بە زەبری چەک دەرکراون و موڵک و زەویوزاریان دراوەتە عەرەبی هاوردەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو کوردانە بەپێی بەڵگەی فەرمی، تاپۆی ساڵانی ١٩٦٠یان هەیە و سەدان ساڵە لەو ناوچەیە نیشتەجێن.
زیاتر لە 38 گوند لە سنووری سەرگەڕان کێشەی موڵکدارییان هەیە، 26 گوند زەوییەکانیان دراونەتەوە جووتیاری کورد و عەرەب بەلایاندا ناچێت، بەڵام 12 گوند کێشەکانیان لە نێوان جووتیارانی کورد و عەرەبدا ماون و عەرەبەکان سەرەڕای ئەوەی کە ساڵی 2003 قەرەبوو کراونەتەوە و بە فەرمی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام جارێکی دیکە بە پاڵپشتیی سوپا و حەشدی شەعبی و بە نووسراوی ساختەی ڕاکان جبووری پارێزگای سەپێندراوی کەرکووک گەڕاونەتەوە و داوای زەویوزاری ئەو ١٢ گوندە دەکەن کە زیاتر لە 63 هەزار دۆنم زەوییە.
باسنیوز
