سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/9/14 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ماتیو تولەر باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە رۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بارودۆخی عێراق تاوتوێ کران.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی کرد کە کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی هاتوونەتە ئاراوە بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی نەخوازراوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو ڕەفتارەی لە بەرامبەر دانیشتوانی کوردی ئەو دەڤەرانە دەکرێت. ھەروەھا ئاماژەی بە زیادبوونی جموجۆڵی تیرۆریستان لەو دەڤەرانە دا و جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی ئەمنیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە.

باڵیۆزی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی ئابووری و هاندانی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

لە دیدارەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمەکانی ھەماھەنگیی زیاتر و ھاوکاریی ئەمریکا بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی و تەندروستیی ئێستا کرا.












باسنيوز

Top