عەرەبی هاوردە هێرش دەکەنە سەر گوندی پەلکانە

عەرەبی هاوردە هێرش دەکەنە سەر گوندی پەلکانە
زیاتر لە 500 عەرەبی بەدوو چوونە سەر گوندی پەلکانە لە ناوچەی کەندێناوە، خەڵکی ناوچەکە پێشوەخت ئاگاداربوون و کۆبوونەوە بۆ رێگریکردن لە چوونی عەرەبە هاوردەکان؛ سوپای عێراقیش نێوەندگیری دەکەن تاوەکو گرژیی نێوان هەردوولا تەشەنە نەسێنێت.

دلێر عەبدوڵڵا دانیشتووی گوندی پەلکانەیە و دەڵێت "بە چەکدار یان بە حەشدی شەعبی کە خۆیان کردووەتە مەدەنی، لە موسڵ و تکریتەوە هاتبوون، پەنجا چەکیان هێنابوو دابەشیان دەکرد".

عەرەبە هاوردەکان بەو ئامانجە چووبوون تاوەکو تەواوی ناوچەکە بکەوێتەوە ژێر کۆنترۆڵیان، بۆیە چەکیان لەگەڵ خۆیان بردبوو، رۆژی یەکەم بە پاساوی داوەتی مانەوە، دواتریش هێزەکان لە ناوچەکە وەدەریاننان، بەڵام بۆ رۆژی دووەم جارێکی دیکە گەڕانەوە و بەنێو ئەو خانووانەدا بڵاوبوونەتەوە کە دەستیان بەسەردا گرتووە.

کوردانی سنوورەکە هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ئەمە پیلانە و زۆر لە کێشەی گوندێک گەورەترە.

سابیر عومەر سادق خەڵکی پەلکانەیە، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد "هاتبوون تاڵانمان بکەن، ئێمە لە خانووەکان دەربکەن و بمانخەنە پێش دەرگا، خەڵکی جەزیرە و شەرگات و ئەوانەن".

تاوەکو ئێستا نۆ خانووی کوردانی پەلکانە کەوتوونەتە دەست عەرەبی هاوردە؛ کەریم حەمەدەمین یەکێک لەو کەسانەیە خانووەکەی دەستی بەسەرداگیراوە و ئێستا ماڵەکەشی تاڵان دەکرێت، دەڵێت "هیچ بەڵگەیەکیان پێ نییە، هێزەکە پشتیان دەگرێت، ئێستا ماڵم لە دوبزە، خانووم بە کرێ گرتووە و هەڵهاتووم، ئەوە دوو خانووم داگیرکراوە، ئێستا وا کەلوپەلەکانیشی دەدزن".

لە قۆناخی یەکەم عەرەبەکان بۆ گوندەکانی پەلکانە، گابەرەک، سەربەشاخ، شەناخە و خەرابە هاتبوون، بەڵام پلانەکە بۆ تەواوی ناوچەی کەندێناوەیە.

دەشتی خدر کە جووتیارە دەڵێت "دەیانەوێت خەڵکێک بێنن لەو خانووانەی دابنێن، ئەوجا دواتر هێدی هێدی پەل بهاوێژن بۆ گوندەکانی چواردەورمان، پەلکانە ئامانجی سەرەکییانە، تاوەکو لە پەلکانەوە بچنە شوێنەکانی دیکەش".

هاتنی بەلێشاوی عەرەب دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی پێشوودا چەندجارێک راکان جبووری نووسراوی بۆ گەڕانەوەیان کردووە و لەلایەن چەند کەسێکەوە جێبەجێ دەکرێت.

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت "بەرنامەیەکی داڕێژراو هەبوو لەلایەن کەسێک بەناوی عەلی حەواس، کاتی خۆی عەرەبی هاوردە بوو لە ساڵەکانی 1975 هاتبووە ناوچەکە، دواتر لە رێگەی ناحیەی قودسی جاران کە سەرگەڕانە، بە بەدوو ناسنامەیان بۆ دەرهێنرابوو، تەنانەت ناسنامەشیان نەبووە، نەک ئەوەی خەڵکی ئێرەبن".

سنووری کەندێناوە، لە 42 گوند پێکدێت، جگە لە دوو گوندی عەرەبنشین، 40 گوندیان خاکی کوردانن و لە ماوەی حوکمڕانیی بەعس خەڵکەکەی راگواسترابوون، ئێستا هەوڵێکی دیکە هەیە بۆ تەعریبکردنەوەی سنوورەکە.


rudaw
Top