لە هەولێر رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان ژن و مێردێک روودەدات
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ ژن و مێردێک هەوڵیانداوە لەڕێگەی رووداوی هاتووچۆوە کێشەی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە و دوای ئەوەی رووداوەکە روودەدات، ژنەکە داوای قەرەبوو لە مێردەکەی دەکات.
کاژێر 04:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-09-2020، لە رێگەی هەولێر - پیرمام و لە دەروازەی شاری زێڕین دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و پێکیان داداوە. فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام هەردوو ئۆتۆمبێلەکە خراپبوون.
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، دوای لێکۆڵێنەوە لە رووداودەکە دەرکەوتووە کە هەردوو شۆفێرەکە ژن و مێردی یەکدین و کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە.
بەگوتەی فازڵ حاجی، کاتێک پیاوەکە چووەتە ماڵ بۆ بینینی منداڵەکانی دووبارە کێشە لەنێوانیان دروستبووە و بەهۆیەوە ئافرەتەکە لە ماڵ چووەتەدەرەوە و بۆ ئەوەی لە بنکەی پۆلیس سکاڵا تۆماربکات، دوای ئەوەی پیاوەکە هەوڵیداوە ژنەکەی بوەستنێت و لە ئەنجامدا پیاوەکە خۆی کێشاوە بە دواوەی ئۆتۆمبێلی هاوژینەکەی و دواتر هاوژینەکەیشی بەهۆی شڵەژاوییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە.
فازڵ حاجی ئاماژە بەوەش دەدات کە ژنەکە سەرەڕای کێشەکانی پێشووتری داوای قەرەبووی زیانەکانیشی لە مێردەکەی کردووە و بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکەش لە بنکەی پۆلیسی پیرزین سکاڵای لەسەر مێردەکەی تۆمارکردووە.
rudaw
