بەهای تمەن دابەزێنێکی مێژوویی تۆمارکرد
گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر کەرتی نەوتی ئێران ئابووریی ئەو وڵاتەی داڕماندووە، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئێران کە نەوتە، بەو هۆیەوە داهاتی بەرەو سفر بردووە.
دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران وایکردووە کەمترین دۆلار و دراوی بیانی بێتە نێو ئەو وڵاتەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا، محەممەد باقر نۆبەخت، بەڕێوەبەری رێکخراوی بودجە و پلاندانانی ئێران رایگەیاند "بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا یەک دڵۆپە نەوتیش نافرۆشین".
سەرباری دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش باری ئابووریی ئەو وڵاتەی هێندەی دیکە زەحمەت کردووە، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە و ژمارەی ئەو کەسانەش رۆژانە تووشی پەتای کۆرۆنا دەبن رووی لە هەڵکشانە.
بەرپرسانی ئێران بۆ چەندین مانگە هۆشداری دەدەنە هەناردەکارانی وڵاتەکەیان کە ئەو پارانەی دەستیان دەکەوێت بیانگەڕێننەوە وڵات، ئەگەرنا مۆڵەتی کارکردنیان لێوەردەگیرێتەوە. بانکی ناوەندیی ئێرانیش هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو کەسانەی کردووە کە پێشێلی بڕیارەکە دەکەن.
عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند "حکومەت هەوڵدەدات بە باشترین شێوە کۆنترۆڵی بازاڕی دراو بکات". بانکی ناوەندیی ئێران ماوە ماوە بڕێک دۆلار دەخاتە بازاڕ بۆ جێگیرکردنی بەهای تمەن، بەڵام ئەو هەوڵانەی بانکی ناوەندی نەیتوانیوە جێگیری بۆ بەهای تمەن بگەڕێنێتەوە.
لە مانگی حوزەیراندا بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، بەهای هەناردەی کۆمپانیا نانەوتییەکانی ئێران ساڵانە زیاتر لە 40 ملیار دۆلارە؛ بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، 50%ی ئەو داهاتە لە دەرەوەی وڵات دەمێنێتەوە.
k24 -
