ئاگرێکی گەورە لە شاخێکی دەربەندیخان کەوتەوە

ئاگرێکی گەورە لە شاخێکی دەربەندیخان کەوتەوە

بە گوتەی بەڕێوەبەری بنکەی بەرگریی شارەستانیی دەربەندیخان، شەوی ڕابردوو ئاگرێگی گەورە لە شاخی گوڵانی نزیك دەربەندیخان كەوتووەتەوە و دارستان و پووش و پاوانی ناوچەکە سووتاوە و هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.

كەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بنكەی بەرگریی شارستانی دەربەندیخان، راگەیاند: "شەوی ڕابردوو ئاگرێگی گەورە لە شاخی گوڵانی نزیک قەزای دەربەندیخان كەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە ڕووبەرێکی زۆر لە داری سروشتی و پووش و پاوانی ناوچەکە سووتاوە و تا ئێستاش بەشێکی کۆنترۆڵ نەکراوە".

گوتیشی: "تیمەكانی بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان و قەرەداغ چوونەتە سەر شوێنەکە بۆ کوژراندنەوەی ئاگرەكە، بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەكەوە بە ئاستەم تونراوە ئاگرەكە لە هەندێ شوێنەوە خامۆش بكرێ، بۆیە زیانی كۆتایی دیار نییە كە چەند داری سروشتی سووتاوە، مەگەر ئەمڕۆ شەممە بەدواداچوونی وردی بكەین".

راشی گەیاند تا ئێستا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نادیارە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە چەند شوێنێکی سنووری سلێمانی، هەولێر، ڕانیە و ڕواندز و سۆران چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ژینگە و دارستانی سروشتی و پووش و پاوان کەوتوونەتەوە و زیانێکی زۆری ژینگەییان بەدواوە بووە.








باسنیوز
Top