بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفای هەڵەبجە: زیاتر لە هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون
ئاراس حەمەسەعید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا، لە هەڵەبجە، ڕایگەیاند: "ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە هەڵەبجە ڕوو لە هەڵكشانە، تا ئێستا بەپێی پشكنینەكان زیاد لە هەزار كەس هەڵگری ئەم نەخۆشییەن، بەڵام زیاد لەم ژمارەیە خەڵكێكی زۆرمان هەیە كە تووش بوون، یاخود نەهاتوون پشكنین بكەن، یاخود لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن"
گوتیشی: "لە ئێستا٣١ نەخۆش لە نەخۆشخانەی وەفا داخڵ كراون، لەو ژمارەیە چوار كەسیان پێویستیان بە چاودێریی چڕ هەیە، ئەوانی دیكەش پێویستیان بە ئۆكسجین و چارەسەر هەیە و تەندروستیان هێندە جێگیر نییە كە بیاننێرینەوە ماڵەوە".
لەبارەی ئەو٥٠٠ ملیۆن دینارەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەندروستیی هەڵەبجە تەرخانی كرد، ئاماژەی بەوە دا: "ئەو بڕە بودجەیە بەدڵنیاییەوە چارەسەری بەشێكی باش لە گرفتەكانی ئەم كاتەمان دەكات و هیواداریشین حكوومەت بەردەوام پاڵپشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بێت، چونكە تەندروستیی هەڵەبجە لە فراوان بووندایە".
دواشی لە دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە كرد كە تاكپارێزی بكەن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن بۆ ئەوەی لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراو بن.
باسنیوز
