سەرۆک بارزانی بە بۆنەی کۆچی دوایی عەلی سجاری پەیامێکی بڵاو کردەوە
لە بەشێک لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: "خوالێخۆشبوو عەلی سنجاری بە درێژایی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و قۆناغی دوای ڕاپەڕیندا پێشمەرگە و كەسایەتییەكی خاوەن هەڵوێست و وەفادار بە ڕێبازی پارتی و كوردایەتی بوو".
دەقی پەیامەکە:
پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی عەلی سنجاری
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێكۆشەری ناسراوی گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان (عەلی سنجاری)ـیمان بیست. خوالێخۆشبوو عەلی سنجاری بە درێژایی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و قۆناغی دوای ڕاپەڕیندا پێشمەرگە و كەسایەتییەكی خاوەن هەڵوێست و وەفادار بە ڕێبازی پارتی و كوردایەتی بوو. هەمیشە لە خەبات و تێكۆشانی سیاسی و جەماوەریدا ئەركەكانی دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە بەجێ گەیاندووە و، لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە.
سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی تێكۆشەری عەلی سنجاری و تەواوی دۆست و هەڤاڵانی دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
6ـی ئەیلوولی 2020
باسنيوز
