لە 7 رۆژدا 25 کەس لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە کوژراون یان بریندارکراون
شەماڵ عبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ دەڵێ: "بەڕاستی سوپای عێراق هێزی زۆرە، بەڵام وەکو ئێمە نین، چونکە خۆشەویستییان بۆ خاکەکە نییە، چونکە سنووری خۆیشیان نییە، شەوان دەرناچن. بەڕۆژ چەکدارانی داعش لەو سنوورە نامێنن و بە شەو دێن و کردەوەی تیرۆرستی ئەنجامدەدەن و دەگەڕێنەوە".
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە، زیاتر لە 30 گوندی کوردنشین چۆڵکراون، زیاتر لە 100 ھاووڵاتی کوردیش لەلایەن گرووپی چەکداری نەناسراو و پاشماوەکانی داعش، شەھیدکراون، ژمارەیەكیش رفێندراون و تائێستا بێسەروشوێنن.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین باسی رووداوێک دەکات و دەڵێ "بەنزیکەی 100 مەتر خاڵێکی سوپای عێراق هەبوو، بەڵام هیچ هەڵوێستیان نەبوو لە کوشتنی چوار هاووڵاتیی گوندی خەرتەل و ئەو ناوە... بەڕاشکاوی دەتوانم بڵێم، سوپای عێراق لە ئاستی کردەوە تیرۆرستییەکان کەمتەرخەمیی (هەیە). هێزی عێراقی خۆی هێزێکی کرداری نییە و ناتوانێت ناوچەکە بپارێزێت.".
لە سنووری خانەقین و گوند و شارەدێکانی سەر بە خانەقین، زیاتر لە 10 ھەزار ھێزی چەکداری سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی بەناوی پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە جێگیرکراون، بەڵام ئەو ھێزانە نەبوونەتە هۆی تەواوبوونی ھێرشە تیرۆرستییەکان بۆ سەر کوردانی ناوچەکە و خودی ھێزە ئەمنییەکانیش.
k24
