خوشک و برا کوردە ئێزدییەکە گەڕانەوە نێو کەسوکاریان
ئەمیرە و ئەمیر خودێدا شەش ساڵ لە کەسوکاریان دوور بوون و لە ساڵی 2017وە لە تورکیا لە خانەی بێسەرپەرشتاندا دەژین.
ئەمیرە 11 ساڵە و ئەمیر 10 ساڵ. خەڵکی کۆمەڵگەی تل عزێرن لە باشووری شنگال. دوای شەش ساڵ دابران، یەکەم رۆژیان لەنێو کەسوکاریاندا لە کەمپی خانکێ بەسەر برد.
ئەوان ساڵی 2014 لەگەڵ کەسوکاریاندا کەوتوونەتە دەستی داعش. ساڵی 2017 خێزانێکی نەناسراو بە قاچاخی ئەوانی گەیاندووەتە سووریا و دواتر تورکیا.
ئەمیرە خودێدا دەڵێت، "ئەوان بڕیاریان دا بە کەسوکارمان بدەنەوە. ئیتر بردینیانە ئەنقەرە و لەوێوە لەگەڵ سەرۆکدا هاتینەوە و لە فڕۆکەخانە خوشکە گەورەکەم هات بە پێشوازیمانەوە".
ئێستا خزمەکانیان چوونەتە ماڵیان و هیواخوازن ئەو کەسانەی دیکەیشیان کە ماون، رزگار بکرێن و بگەڕێنرێنەوە نێویان.
سیسن سهرحان، داپیرەی ئهمیر و ئهمیرەیە و دەڵێت، "بە خوا زۆر خۆشحاڵ بووین. دەمانەوێت دەنگمان بگاتە هەموو وڵاتان. منداڵەکانمان ون بوون و دەمانەوێنەوە".
ئامۆزایەکیان زیاتر لە 20 جار سەردانی تورکیای کردووە و پشکنینی دی ئێن ئەیی کردووە. نزیکەی ساڵێکە ئەنجامەکەی دەرچووە، بەڵام دادگە نەیدەدانەوە تاوەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیدا گەڕاندنیەوە.
فهیسهل رهڤۆ، ئامۆزای ئهمیر و ئهمیرەیە و دەڵێت، "20 جار بەدوای ئەو منداڵانەدا چووم. سوپاس بۆ خوا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چووە تورکیا و بە دەستی خۆی هێنانیەوە".
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکراوانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە کۆی شەش هەزار و 417 کەسی دیلی دەستی داعش، سێ هەزار و 530 کەس رزگار کراون و دۆزراونەتەوە.
rudaw
