چاپكراوی نوێ.. (زمانەوانی دەروونی- شیكردنەوەی ڕۆمانی كوێرەی چاوساغ-ی سابیر ڕەشید)
گوڵان: بەهادین جەلال
دواو بەدوای چاپكردنی ڕۆمانی كوێرەی چاوساغی ڕۆماننووس سابیر ڕەشید، نووسەری بە توانا (غازی حەسەن) شیكردنەوەو لێكۆڵینەوەیەكی زانستیی دەروونی بۆ كردووەو كتێبێكی لەم بارەوە بە ناوونیشانی (زمانەوانی دەروونی- شیكردنەوەی ڕۆمانی كوێرەی چاوساغ-ی سابیر ڕەشید) چاپ و بڵاوكردەوە.. كتێبەكە بریتییە لە لێكۆڵینەوەیەك لە زمانەوانیی دەروونی وەكو ڕێباز و بنەمای زمانەوانی و پێكهاتەی دەروونیی ڕۆمان، مەبەستی سەرەكیش لێكدانەوەی چۆنێتیی بەكارهێنانی زمانە لە دەوروبەرێكی دەروونیی كۆمەڵایەتیدا، دواتر چۆنێتیی بەدیهێنانی مەبەست و جووڵاندنی خوێنەر بۆ بەرهەمهێنانی دەقەكە.
نووسەر دووپاتی دەكاتەوە كە درككردن بە ڕۆڵ و كاریگەریی زمان لە هەموو بوارەكانی داهێنان و بەرهەمهێنانی دەق و كاریگەرییەكانی زمان لە بوارە جیاوازە مرۆییەكان و كارتێكردنی لەسەر ڕەفتارو ڕەوشت و خووی مرۆڤ، بە تایبەتی لەنێو دەقی ڕۆماندا، مەبەست كاركردنە لەەسر ڕۆڵ و كاریگەریی زمان لەنێو دەقدا، سەرباری ئەوەش تێڕوانین و لێكدانەوەی زانستییە بۆ زمانەوانیی دەروونی و ئەركی خودی زمان لە بواری تیۆرە زمانەوانییەكاندا.
غازی حەسەن لەم كتێبەیدا زانایانە مامەڵەی لەگەڵ وشەو ڕستەكانی نێو ڕۆمانەكە كردووەو هەڵوەستەی لەسەر لایەنە دەروونییەكانی سەرجەم دیالۆگ و زمانێ گێڕانەوەو تۆماری ڕووداوە مێژووییەكان و كەسایەتییەكان كردووە.. نووسەر سەركەوتوو بووە لە شیكردنەوەی بنج و بناوانی ڕووداوەكانی نێو ئەم ڕۆمانە، بۆ سەلماندن و بە زانستیكردنی نووسینەكەی پشتی بە دەیان سەرچاوەی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەستووە.
(زمانەوانی دەروونی- شیكردنەوەی ڕۆمانی كوێرەی چاوساغ-ی سابیر ڕەشید) بە بەرگێكی قەشەنگ و چاپێكی جوان كەوتۆتە بەردەستی خوێنەرانەوە.. دانەیەكی ئەم كتێبە گەیشتۆتە (گوڵان)، دەستخۆشی لە نووسەر (غازی حەسەن) دەكەین بۆ بەچاپ گەیاندنی ئەم بەرهەمە كە كەلێنێكی لە كتێبخانەی كوردی پڕكردۆتەوە.. بەهیوای سەركەوتن و بەرهەم و داهێنانی زیاتر..
