مەلایەک وەکو سزا تەرمی تووشبووانی کۆرۆنایان پێ شۆردووە و گیانی لەدەستداوە

مەلایەک وەکو سزا تەرمی تووشبووانی کۆرۆنایان پێ شۆردووە و گیانی لەدەستداوە
مامۆستایەکی ئایینی دوای ئەوەی وەکو سزا، ئەرکی شووشتنی تەرمی دوو تووشبووی کۆرۆنای جێبەجێکرد، تووشی ڤایرۆسەکە بوو و گیانی لەدەستدا.

عوسمان چیلەنتی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گوندی بوڕچاڵیک بوو لە شارۆچکەی سوێرەکی سەر بە رووهای باکووری کوردستان؛ دەگوترێت بەردەوام کێشەی لەگەڵ موفتیی سوێرەک هەبووە و موفتییەکەش وەکو سزا ئەرکی شووشتنی دوو تەرمی بەو مامۆستا ئایینییە داوە کە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. عوسمان چیلەنتی رۆژێک دوای ئەوەی تەرمەکان دەشوات تووشی کۆرۆنا دەبێت و خۆی کەرەنتین دەکات، بەڵام رۆژی دواتر گیان لەدەستدەدات.

موفتی نە بەشداریی مەراسیمی ناشتنی مامۆستاکە دەکات و نە راگەیێندراوی پرسەنامەی بۆ بڵاودەکاتەوە. ئەم رووداوە لای هاونیشتمانیان بووەتە جێی ناڕەزایی و دەنگیداوەتەوە. دەگوترێت بەهۆی ئەوەی لە چەند بابەتێکدا دەمەقاڵێ کەوتووەتە نێوانیان، موفتی ئەرکی شووشتنی دوو مردووی کۆرۆنای بە عوسمان چیلەنتی داوە، هەمان سزا بەسەر 14 پێشنوێژ و گوتارخوێنی دیکەدا سەپێندراوە، بەڵام عوسمان چیلەنتی تاکە مامۆستای ئایینی بووە لە گوندەکەیەوە بانگکراوە. جگە لەوەش موفتی هیچ جلوبەرگ و کەرەستەیەکی تایبەتی بەو مامۆستا ئایینییە نەداوە بۆئەوەی لەکاتی شووشتنی تەرمەکاندا خۆی بپارێزێت.

سەرەڕای ئەوەش، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە عوسمان چیلەنتی موفتیی بە درۆزن لە قەڵەمداوە، بانگی ناوەند (شارۆچکەی سوێرەک) کراوە بۆئەوەی بەرگری لە خۆی بکات؛ بەڵام لەو رۆژەدا عوسمان چیلەنتی راپۆرتی پشکنینی کۆرۆنای بۆ ناردوون کە پۆزەتیڤە و گوتوویەتی "ناتوانم لە ماڵ دەرچم''، سەرەڕای ئەوەش موفتی سوور بووە لەسەر ئەوەی لەڕێی تەلەفۆنەوە بەرگری لە خۆی بکات و بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە.

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش، کەسێک لەلایەن موفتییەوە چووەتە گوندەکە و واژۆی بە عوسمان چیلەنتی کردووە، بەڵام هیچ هەوڵێک بۆ چاکبوونەوەی ئەو مامۆستایە لەلایەن موفتییەوە نەدراوە و بۆ رۆژی دواتر گیانی لەدەستداوە.

رەحیمە چیلەنتی، هاوژینی عوسمان چیلەنتی دەڵێت "بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەم گەندەڵی و ناپاکییەکانی موفتیی ئاشکرا دەکرد و رێگر دەبوو لەبەردەمیان، بۆیە کرایە ئامانج. پێشتر لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونمان و گواستنەوەی شوێنی ئەرک کێشەی لەگەڵ موفتی هەبوو. کاتێک داوای گواستنەوەی راژەی بۆ ناوەندی شارۆچکە کرد، موفتی وەڵامیدایەوە و گوتی ئەو کارە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت، بەڵام دواتر دوو پێشنوێژ و گوتارخوێن گواسترانەوە بۆ ناوەند. ئەوە وایکرد گرژی و ناخۆشیی زیاتر دروستبێت".

رەحیمە چیلەنتی بەمجۆرە باس لە ساتی مردنی هاوژینەکەی دەکات، "کاتێک دەنگێکی نامۆ لە ژوورەکەی هات، بەپەلە چوومە لای و مەساژی دڵم بۆی کرد، بەڵام زوو گیانی لەدەستدا. هەواڵمان بە ئەمبوڵانسیش دا بەڵام زۆر دواکەوت. بەرپرسانی موفتیی سوێرەک باس لەوە دەکەن کە ئەو پێشنوێژ و گوتارخوێنانە خۆبەخشانە تەرمی تووشبووانی کۆرۆنا دەشۆن، ئەمە درۆیە. یەکێک لەو پێشنوێژ و گوتارخوێنانە لەگەڵ مندا قسەیکرد و گوتی 'براژن ئێمە بە هیچ شێوەیەک خۆبەخش نین، هیچ کەسێک بەپێی خۆی ناچێتە چاڵی مەرگ'. من لێرە بەدوای حەقدا دەگەڕێم، دەبێت تاوانباران سزابدرێن و هاوژینەکەم مامەڵەی شەهیدی لەگەڵدا بکرێت".

سەندیکای ئایینی میل لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "موفتیی شارۆچکە لە شوێنە چۆڵەکاندا بەشێوەیەکی ناحەق خەزووری و کوڕە خەزووری خۆی دامەزراند. ئەمەش بوو وایکرد کە مامۆستا عوسمان چیلەنتی لە دووریی 35 کیلۆمەترەوە بانگبکرێتە ناوەند و تەرمی تووشبووانی کۆرۆنا بشوات".

ئەنجوومەنی سەلامەتیی کار و تەندروستیی کرێکاران (ISIG) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "عوسمان چیلەنتی تەمەن 44 ساڵ کە لە گوندێکی سەر بە سوێرەکی شانڵیئورفا لە ئەرکدا بوو، بەهۆی ئەوەی دژی گەندەڵییەکانی موفتی وەستایەوە کرایە ئامانج. ئەو ئەرکی شووشتنی مردووی کۆرۆنای پێدرا و بەهۆی ئەوەی جلوبەرگ و کەرەستەی خۆپارێزیی پێنەدراوە، گیانی لەدەستداوە".

ئەمە لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک رێکخراو و سەندیکاش رایانگەیاندووە، بەدوای کەیسەکەدا دەڕۆن و ئەگەر تاوانێک لەئارادابێت، لەڕێی دادگاوە یەکلایی دەبێتەوە.



rudaw
Top